zagros news agency

هێزەکانی ئیسرائیل چوونە نێو دوو گوندی قونەیتیرەی سووریا و پاشەکشەیان کرد

 

ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا (سانا) ڕاپۆرتی دا کە ڕۆژی چوارشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل چوونە ناو دوو گوندی “سەمەدانییەی ڕۆژهەڵات” و “ئۆڤانییە” لە پارێزگای قونەیتیرەی باشووری ڕۆژئاوای سووریا و دواتر پاشەکشەیان کرد. ئەم ڕووداوە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەحمەد شەڕەع، سەرۆک کۆماری سووریا، جەختی کردەوە وڵاتەکەی نابێتە سەرئێشە بۆ هیچ لایەنێک.

سانا ڕوونی کردەوە کە هێزێکی ئیسرائیلی، کە پێکهاتبوو لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازی، یەک زرێپۆشی قورس و دوو تانک، لە نزیک چیاکانی “تەل کرووم”ی گوندی “جەبا”وە چوونە ناو گوندی سەمەدانییەی ڕۆژهەڵات. دوای چەند کاتژمێرێک، هێزەکە پاشەکشەی کرد و بەرەو شاری وێرانبووی قونەیتیرە ڕۆیشت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە، هێزێکی دیکە چوونە ناو گوندی ئۆڤانییە و دوای پشکنینی دوو ماڵ، پاشەکشەیان کرد.

ئەم چوونە ژوورەوەی ١١ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی ئیسرائیلی بۆ ناو خاکی سووریا، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەحمەد شەڕەع، سەرۆک کۆماری سووریا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرنامەی “٦٠ خولەک”ی کەناڵی هەواڵیی “سی بی ئێس” جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە کاتی گەیشتنی ئەوەوە بۆ دیمەشق، هیچ کارێکی ورووژێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجام نەداوە.

شایانی باسە، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی ١٩٧٤ی پشتگوێ خستووە و هێزەکانی ماوەی چەند مانگێکە چوونەتە ناوچە مەدەنییەکانی سووریا.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی لە نەجەف داوای دامەزراندن دەکەن

سەڵاح

وەزیری پەروەردە : ئامادەکارییەکان بۆ سەرخستنی تاقیکردنەوەکانی وزاری (پۆلی 12) تەواو کراوە

یاسین

دەزگای خێرخوازیی بارزانی کارەبای  25 قوتابخانەی دیکە لەکوردستان دەکاتە وزەی خۆر

یاسین