ڕۆژی چوارشەممە، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بەسەر ڕێگادا لە پارێزگای دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێنج سەربازی سوپای ئەو وڵاتە کوژران و ١٣ سەربازی دیکەش بریندار بوون. ئەم ڕووداوە کاتێک ڕووی دا کە پاسێکی گواستنەوەی سەربازان کرایە ئامانج.
سەرچاوەکانی “العربییە” ڕایانگەیاندووە کە تەقینەوەکە پاسێکی هەڵگری سەربازانی سوپای سووریای لە نزیک گوندی “سەعلو” لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج.
“تەلەڤیزیۆنی سووریا” ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئەم بۆمبڕێژکردنە پاسی سەربازانی سوپای سووریای کردووەتە ئامانج.
“ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ” گوتوویەتی کە پاسەکە سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بووە و گومان دەکرێت ئەندامانی هەندێک گرووپی سەر بە “داعش” بۆمبەکەیان لەسەر ڕێگای نێوان شاری دێرەزوور و مەیادین چاندبێت.
ئەم ڕوانگەیە ئاماژەی بەوە کرد کە تەقینەوەکە جگە لە کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک، زیانێکی زۆری بە پاسەکە گەیاندووە. ڕوانگەکە گوتوویەتی کە دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری گەیەندراونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێ کراوە.
بەپێی ڕوانگەکە، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان هەیە، چونکە باری تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

