zagros news agency

میسر بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێران هەوڵی نێوەندگیری دەدات

وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، بەدر عەبولعاتی، هەوڵی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئاژانسی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی ئەتۆمیی ئێران نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدات. ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە وەزیری دەرەوەی ئێران ماوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆتاییهاتوو ناو دەبات.
قاهیرە وەک نێوەندگیرێکی نوێی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستبەکار بووە و هەوڵ دەدات بە دروستکردنی متمانە و کەمکردنەوەی گرژییەکان، ژێرخانێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی تاران لەگەڵ واشنتن و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دروست بکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی میسر، بەدر عەبولعاتی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ستێڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گفتوگۆی کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەو پەیوەندییانە لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکانە. قاهیرە دەڵێت لە گفتوگۆکەدا بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران جەخت لە دروستکردنی متمانە و ڕەخساندنی دۆخێک کراوەتەوە.
مانگی ئەیلوول ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە لەسەر هاوکاریی زیاتر ڕێککەوتن، بەڵام دوای کاراکردنی میکانیزمی “سناپباک” لەلایەن فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیاوە لە ٢٨ـی هەمان مانگدا، هەموو سزاکانی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران گەڕانەوە و تارانیش دووبارە هاوئاهەنگیی خۆی لەگەڵ ئاژانس کەم کردەوە.
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ ڕایگەیاند، ماوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تایبەتە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەسەرچووە و پێویستە دەستبەجێ سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێن. عێراقچی دەشڵێت، لەمەودوا ئێران تەنیا پابەندی بڕیارنامەی قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژی (ئێن پی تی) دەبێت و بۆ هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەزەی ئەتۆمیش، پێویستە ئەنجوومەنی باڵای نیشتمانیی وڵاتەکە بڕیار بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەقی وتاری سەرۆک بارزانی له‌ کۆنگرەی یەکگرتنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان کۆبووەوە

سەڵاح

گوتەبێژی ‎ بنکەی لالش: بە پرۆژەی باشتر خزمەتی جڤاکی ئێزدی دەکەین‎

گوران