لە گوندی ‘ئەلحیسان’ سەر بە ناوچەی کەسرە لە لادێکانی دێرەزوور مینێک تەقیەوە و بەهۆیەوە دوو چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکرات کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “ئەو مینە لەلایەن شانەکانی داعشەوە چێندراوە و ئەو ئۆتۆمبێلەی چەکدارانی ئێمەی تێدابووە کراوەتە ئامانج.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینەکە دوو چەکداری هەسەدە کوژراون و سێ دیکەش بریندار بوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکان دەستیانکردووە بە گەڕان و پشکنینی ناوچەکە کردووە و بەدوای شانەکانی داعش دا دەگەڕێن و ئۆپەراسیۆنەکانیش دژی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام دەبن.
هەر دوێنێ ماتۆڕسکیلێک لەسەر پردی حەدادیە لە ناوچەی عەریشە لە شاری شەدادە تەقیەوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و یەکیکی دیکەش بریندار بوو، دواتر گەیەندرایە نەخۆشخانە.

