سوپای ئیسرائیل هێزی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێل)ی تۆمەتبار کرد بە ئەنقەست فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی خۆی لە باشووری لوبنان خستووەتە خوارەوە. لە کاتێکدا یونیفێل ڕایگەیاندووە فڕۆکەیەکی ئیسرائیلییان “پوچەڵ” کردووەتەوە کە بە شێوەیەکی هێرشکارانە لە گەڕۆکێکی هێزەکانیان نزیک بووبووەوە.
ناداف شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” نووسیویەتی: “لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی یونیفێل، کە لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە جێگیر بوون، بە ئەنقەست تەقەیان لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەمان کردووە و خستوویانەتە خوارەوە.”
لە بەرانبەردا، یونیفێل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئیسرائیل بە شێوەیەکی دوژمنکارانە بەسەر گەڕۆکێکی هێزەکانیاندا فڕیوە و دواتر بۆمبێک فڕێ دراوە، لە کاتێکدا تانکێکی ئیسرائیلیش تەقەی لە هێزەکانی پارێزەری ئاشتی کردووە. یونیفێل لە بەیاننامەیەکدا لە “ئێکس” ڕوونی کردووەتەوە: “خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی یان زیانێکی کەرەستەیی تۆمار نەکرا و هێزەکانمان ڕێوشوێنە بەرگرییە پێویستەکانیان بۆ پوچەڵکردنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە گرتەبەر.”
یونیفێل جەختی لەوە کردووەتەوە ئەم جۆرە کردەوەیانە پێشێلکردنی بڕیارنامەی 1701ی ئەنجومەنی ئاسایش و دەستدرێژییەکی ئاشکرا بۆ سەر سەروەریی لوبنانە، هەروەها نیشانەی ئەوەیە ئاسایش و ژیانی هێزەکانی پارێزەری ئاشتی، کە ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵایان پێ سپێردراوە، لە مەترسیدایە.
پێشتر، یونیفێل لە 12ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاندبوو یەکێک لە هێزەکانیان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە نزیک شوێنی جێگیربوونیان لە گوندی کەفرکیلا فڕێی دابوو، بە سووکی بریندار بووە. هەروەها، لە 2ی تشرینی یەکەمدا، سوپای ئیسرائیل چەندین بۆمبی لە نزیک هێزەکانی یونیفێل لە ناوچەی مارونەڕاس فڕێ دا، بەڵام لەو ڕووداوەدا هیچ کوژراو یان بریندارێک تۆمار نەکرا.
سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە ساڵی 2006 (بڕیارنامەی 1701)، سەرچاوەکانی یونیفێل ڕایانگەیاندووە کە تەلئەبیب زیاتر لە چوار هەزار و پێنجسەد حاڵەتی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتنەی تۆمار کردووە، کە بووەتە هۆی سەدان کوژراو و بریندار. یونیفێل پێشتر هۆشداریی دابوو کە بەردەوامبوونی بوونی سەربازیی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان، ڕێگرە لە جێگیربوونی تەواوی سوپای لوبنان لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرۆنۆت”ی ئیسرائیلی ڕۆژی یەکشەممە هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەیەی دوای کەوتنەخوارەوەی بۆمباران کرد بۆ ئەوەی ڕێگری لە دزەکردنی زانیارییەکانی نێو سیستەمەکانی بگرێت.

