zagros news agency

نەتەنیاهۆ هەڕەشە لە حیزبوڵڵا و حووسییەکان دەکات و هۆشداریی توند دەدات

چەند کاتژمێرێک دوای هۆشداریی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سەبارەت بە حیزبوڵڵای لوبنان، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دووبارە هەڕەشەی لەناوبردنی هەر مەترسییەک کرد کە ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە. نەتەنیاهۆ ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە گوتارێکدا جەختی کردەوە کە حیزبوڵڵا هەوڵ دەدات دووبارە چەکدار بێتەوە و تواناکانی بەدەست بهێنێتەوە، هەروەها حووسییەکانی یەمەنی بە “هەڕەشەیەکی زۆر گەورە” ناوبرد و گوتی: “هەر کارێک پێویست بێت بۆ لەناوبردنیان ئەنجامی دەدەین.”
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ئیسرائیلییەکان، نەتەنیاهۆ گوتیشی: “ڕێگە نادەین لوبنان ببێتە بەرەیەکی نوێ دژ بە ئێمە و بەپێی پێویست کار دەکەین.” سەبارەت بە غەززەیش، نەتەنیاهۆ ڕوونی کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی ڕێکخراو لەناوبردنی هەندێک لە شانە سەر بە حەماس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەم گرووپە، چ لە ڕەفەح و چ لە خان یوونس لە ڕۆژهەڵاتی غەززە، ئەنجام دەدەن. کاتز ئەمڕۆ هۆشداریدابوو کە “حیزبوڵڵا بە ئاگر یاری دەکات.” وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی لوبنانی بە دواخستنی پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا، جەختی کردەوە کە حکوومەتی لوبنان دەبێت پابەندبوونەکانی جێبەجێ بکات، چەکەکانی حیزبوڵڵا کۆ بکاتەوە و ئەم گرووپە لە باشووری لوبنان دەربکات. لە هەمان کاتدا، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵی عەرەبییەی ڕاگەیاند کە هەڵسەنگاندنی جددی لە تەلئەبیبدا هەیە کە حیزبوڵڵا لە زیادکردنی تواناکانیدایە و توانیویەتی سەدان مووشەکی کورت مەودا لە سووریاوە قاچاخ بکات. ئەو گوتیشی ئیسرائیل پەیامێکی بە لایەنی لوبنانی گەیاندووە کە ئەگەر چەکەکانی حیزبوڵڵا چەکداماڵین نەکرێن، لەوانەیە جارێکی تر گەڕەکی داحییەی باشووری بەیرووت بکاتە ئامانجی بۆمباران.

هەواڵی پەیوەندیدار

دوایین وەرزی “The Sandman” بڵاودەکرێتەوە

ART

سەرۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی دەکات

سەڵاح

سەرۆكی حكومەت بەردی بناخەی جووتسایدی بەردەڕەش – خەباتی دانا

یاسین