ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـ11-2025، ڕۆژنامەی هارێتز ئاشکرای کرد، ئیسرائیلییەکان لەبەردەم ئاستەنگی نوێدان بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامە، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپا، ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەهۆی کۆچکردنی دەیان هەزار ئیسرائیلی لە دوای شەڕی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئەورووپا و ئەمەریکا مەرجەکانی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەیان بۆ ئیسرائیلییەکان توندتر کردووەتەوە.
لە دیارترین ئەو وڵاتانەی کە مەرجەکانیان بۆ ئیسرائیلییەکان توندتر کردووە بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی خۆیان، ئەمەریکا، پورتوگال، ڕۆمانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیایە.
نزار نەزال، لێکۆڵەر و شارەزا لە کاروباری ئیسرائیل بە ئیرەم نیوزی ڕاگەیاندووە، “چەند ڕەچاوکردنێک لە پشت توندکردنی ڕێکارەکانی پیدانی ڕەگەزنامە بە ئیسرائیلییەکان هەیە، ئەویش فشارە ئەمنی و سیاسییەکان و هەڵوێستی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە،”
ئاماژەی بەوەشداوە، “هۆکاری یەکەم پەیوەستە بە ئاسایشەوە، چونکە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئیسرائیل خواستی کۆچکردنیان هەیە، بەمەش دەزگا ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا بەشیوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان دەکات.”
ڕوونیشیکردەوە، “ئەگەری ئەوە هەیە سەربازانی ئیسرائیلی لە نێو ئەو پەنابەرانەدا هەبن کەداوای ڕەگەزنامە دەکەن، ئەگەریشی هەیە بە کۆمەڵکوژی تۆمەتبار بکرێن، بۆیە ئەو وڵاتانەی ڕەگەزنامە یان ئیقامە بەو ئیسرائیلییانە دەدات، تووشی ڕەخنە و ناڕەزایی زۆر دەبنەوە.”
نزار نەزال گوتیشی: “هۆکاری دووەم فشارە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانە، هەروەها زیادبوونی ڕەخنەکان لەو حکوومەتانەی مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن، ئەمە جگە لە زیادبوونی هەڵوێستی دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی لەو وڵاتانە بەرامبەر بە حکوومەتەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەلئەڤیڤ، کە ئەمەش پێدانی مافی نیشتەجێبوون و ڕەگەزنامە بە ئیسرائیلییەکان سنووردار دەکات.”
بەگوتەی ئەو شارەزایە “هۆکاری سێیەم پەیوەندی بە گۆڕانکاریی وێنەی ئیسرائیلەوە هەیە لە چاوی ڕای گشتی جیهانیدا، بەو پێیەی شەڕی غەززە زیانی بە ئیسرائیل گەیاندووە، ئێستا وەک وڵاتێک لە سەرووی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە سەیر دەکرێت.”
ناوەندی لێکۆڵینەوە و زانیاری پەرلەمانی ئیسرائیل ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ساڵی 2020 تا 2024، 145 هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیل چوونەتە دەرەوەی وڵات و نەگەڕانونەتەوە.

