کاربەدەستانی ویلایەتی کێنتاکیی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە، چوارەمی تشرینی دووەم، ڕایانگەیاند کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری کۆمپانیای یوو پی ئێس (UPS) لە کاتی فڕینیدا لە فڕۆکەخانەی لویسڤیل، لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەست داوە و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم ڕووداوە بە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە هاوڕێ بووە و هەندێک لە بریندارەکان برینەکانیان زۆر سەختن. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان، فڕۆکە بارهەڵگرەکەی جۆری بۆینگ، کە سەر بە کۆمپانیای خزمەتگوزاریی پۆستی یوو پی ئێس بووە و بڕیار بوو بەرەو هۆنۆلۆلۆ بفڕێت، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی محەممەد عەلی لویسڤیل کەوتووەتە خوارەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵی ئەمریکا (FAA) کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی دەست پێکردووە. وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ستوونێکی گەورەی دووکەڵی ڕەشیان نیشان دەدا کە بە ئاسماندا بەرز ببووەوە. پۆلیسی ناوخۆیی لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند کە ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە و داوای لە خەڵک کرد کە لە نزیکبوونەوە لە شوێنی ڕووداوەکە خۆیان بەدوور بگرن.

