zagros news agency

وەزیری ئیسرائیلی جوولەکەکانی نیویۆرک بانگهێشتی کۆچکردن بۆ ئیسرائیل دەکات

 

ئەمیخای چیکلی، وەزیری کاروباری جوولەکەکانی دەرەوەی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی دژەجوولەکەگەرایی ئیسرائیل، دوای سەرکەوتنی زۆهران مەمدانی لە هەڵبژاردنی شارەوانیی نیویۆرکدا، بانگەوازیی لە جوولەکەکانی دانیشتووی نیویۆرک کرد بۆ ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئیسرائیل. ئەو مەمدانیی وەک “پشتگیریکارێکی حەماس” وەسف کرد.

چیکلی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی تشرینی دووەم (١٤ی خەزەڵوەر)، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بانگەشەی ئەوەی کرد کە “شارێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هێمای ئازادیی جیهانی بوو، کلیلەکانی خۆی ڕادەستی پشتگیریکارێکی حەماس کردووە.” ئەو داوای لە جوولەکەکانی نیویۆرک کرد “بە جددی بیر لە دروستکردنی ماڵێکی نوێ لە ئیسرائیل بکەنەوە.” چیکلی زیادیشی کرد کە نیویۆرک دوای هەڵبژاردنی مەمدانی “هەرگیز ئەو شاری پێشوو نابێت، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگەی جوولەکەکانی.” نیویۆرک میوانداریی نزیکەی ١.٣ ملیۆن جوولەکە دەکات کە بە گەورەترین کۆمەڵگەی جوولەکە لە دەرەوەی ئیسرائیل دادەنرێت. پێشتریش ئیتامار بن-گویر، وەزیری ئاسایشی نێوخۆیی ئیسرائیل، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر هەڵبژاردنی مەمدانی گوتبووی: “دژەجوولەکەگەرایی بەسەر عەقڵی ساغدا زاڵ بووە.” ئەو مەمدانیی بە “پشتگیریکارێکی حەماس، دوژمنی ئیسرائیل و دژەجوولەکەیەکی دانیشتوو بە تاوانەکەی” ناو برد. مەمدانی پێش هەڵبژاردن و دوای ڕەخنە توندەکان، بە ئاشکرا جەختی لە مافی بوونی ئیسرائیل کردبووەوە، بەڵام هەندێک لە لێدوانە مشتومڕهەڵگرەکانی لەبارەی ئیسرائیلەوە نیگەرانییەکانی لە نێو جوولەکەکانی نیویۆرکدا ورووژاندبوو. ئەو هەروەها کردەوەکانی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززەدا وەک “قڕکردن” دژی فەلەستینییەکان وەسف کردبوو. زۆهران مەمدانیی ٣٤ ساڵ، لە هەڵبژاردنێکدا کە ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا لە ساڵی ١٩٦٩ەوە بێوێنە بوو، توانی بەسەر ئەندرۆ کۆومۆی ٦٧ ساڵ، پارێزگاری پێشووی ویلایەتی نیویۆرکدا، زاڵ بێت و ببێتە یەکەمین شارەداری موسڵمانی ئەو شارە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد بەڕێوەچوو

یاسین

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە

یاسین

مەسرور بارزانی : سوپاس بۆ خودای مەزن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات

یاسین