تەلئەبیب، لە ڕێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بە سوپای لوبنانی ڕاگەیاندووە هەنگاوەکانی دژی چەکی حیزبوڵڵا بە ناکامڵ و ناپوخت دەزانێت. ئەمەش لە کاتێکدایە حیزبوڵڵا لە هەفتەکانی ڕابردوودا سەدان مووشەکی گواستووەتەوە نێو لوبنان و سەکۆکانی مووشەکیی تێکشکاویشی نۆژەن کردووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی پەخشی ئیسرائیل “کان”، حیزبوڵڵا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا توانیویەتی سەدان مووشەک بگوازێتەوە نێو خاکی لوبنان و ئەو سەکۆ مووشەکییانەش نۆژەن بکاتەوە کە لە کاتی جەنگدا زیانیان بەرکەوتبوو.
ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن تەلئەبیب خۆی بۆ چەندین سیناریۆی ئەگەری لەبارەی لوبنانەوە ئامادە دەکات، لەوانە ئەگەری هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سەر پێگە ئیسرائیلییەکان لە نێو خاکی لوبنان یان لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل. ئەم ڕاپۆرتانە ئارامیی ئێستای سنووری لوبنان و ئیسرائیلیان بە “لاوازتر لە هەر کاتێکی تر” وەسف کردووە.
سەرەڕای ئەمانە، میدیا ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە تەلئەبیب خۆی بۆ جووڵەی نائاسایی ئامادە دەکات و سیاسەتی بەرامبەر حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە. بە گوتەی ئەم سەرچاوانە، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە حیزبوڵڵا خەریکی ئامادەکارییە بۆ قۆناغێکی نوێی پێکدادان، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەم گرووپە بۆ نۆژەنکردنەوەی توانای سەربازیی خۆی.
لە ئیسرائیل چەندین سیناریۆی سەربازیش تاوتوێ کراون کە مەوداکەیان لە هێرشەکانی ئێستا زیاترە. ئەم ڕێبازە پەیامێکی ڕوونی بۆ حکوومەتی لوبنان و سوپاکەی تێدایە، بەو مانایەی کە ئەگەر نەتوانن چالاکییەکانی حیزبوڵڵا کۆنتڕۆڵ بکەن، ئیسرائیل خۆی ڕاستەوخۆ دەست بەکار دەبێت.
پێشبینی دەکرێت قۆناغی یەکلاکەرەوەی ئەم پڕۆسەیە نزیکەی مانگێکی تر دەست پێ بکات، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی کە سوپای لوبنان بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لەناوبردنی ژێرخانی حیزبوڵڵا لە باشووری ڕووباری لیتانی تا کۆتاییی ئەمساڵی دیاریکردووە.

