مارک سافایا، نێردەی تایبەتی سهرۆكى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عێراق، پیرۆزبایی فەرمی ئاراستەی گەلی عێراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پهرلهمان کە لە 11ی 11ى 2025 بەڕێوەچوو، وەک “هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بەرەو بەهێزکردنی دیموکراسی و سەقامگیری لە وڵاتدا” وەسفی کرد.
سافایا لە ڕاگهیاندراوێكدا کە لەسەر ماڵپەڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە: “عێراقییەکان جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆیان بە ئازادی و سەروەری یاسا و دامەزراوە نیشتمانییە بەهێزەکان نیشاندا”، هەروەها جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردنانە وەک بەڵگەیەکی ڕوونی ئاراستەی عێراق بۆ گەشەسەندن و سەروەری دەبینێت.
نێردەی ئەمریکی، ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە عێراق بەرەو سەقامگیری و سەروەری زیاتر هەنگاو دەنێت.
سافایا لە ڕاگهیاندراوهكهیدا جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە پابەندبوونی نەگۆڕی خۆی بە پشتگیریکردنی سەروەری تەواوی عێراق، و هەوڵەکانی چاکسازی سیاسی و ئابووری، و پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دەستوەردانە دەرەکییەکان و گروپە چەکدارییەکان کە ڕێگری لە بنیاتنانی دەوڵەت دەکەن.
هەروەها گوتی: “چاوەڕێی کارکردن دەکەین لەگەڵ حکوومەتی داهاتوو بۆ قوڵکردنەوەی هاوبهشى ستراتیژیمان لە بوارەکانی ئاسایش و وزە و گەشەپێدان، و بەشداریکردن لە بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ هەموو عێراقییەکان.”
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە ناوەندە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەیی و نێودەوڵەتی چاودێری دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەمدواییە دەکەن، و ئەوەی کە لە هاوپەیمانی سیاسی نوێوە دەریدەخات کە ڕەنگە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، لە سەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە نوێوە دابڕێژێتەوە.
سافایا پەیامەکەی بە جەختکردنەوە لەوەی کە وڵاتەکەی لە عێراق “به هاوبەشێکی هەمیشەیی” دەبینێت کۆتایی پێهێنا، و ئەوەی کە قۆناغی داهاتوو دەبێت لەسەر ئەو دەستکەوتە سیاسی و ئەمنیانەی کە بەدەستهاتوون بنیات بنرێت، بە شێوەیەک کە پێگەی عێراق لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بکات، و ئەو ئامرازانەی پێ ببەخشێت کە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەدیهێنانی گەشەپێدان پێویستن.

