سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان لە میانی بەشداریکردنیان لە دیداری مێپس (MEPS) لە هەرێمی کوردستان، ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە سەکۆیەکی گرنگ و کاریگەری دەزانن بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
بەشداربووانی دیدارەکە ئاماژە بەوە دەکەن، گردبوونەوەی کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لەم دیدارەدا، دەرخەری گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە ناوچەکەدا. سیاسەتمەدارانی باکوور پێیان وایە وتارەکەی مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دیدارەکەدا، ورە و هیوایەکی زۆری بەخشییە کوردان و وێنەیەکی یەکگرتووی نیشان دا.
سەرتاچ بوجاک، سیاسەتمەداری کورد، ڕایگەیاند بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی داخوازییەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی شارستانی و دیپلۆماسی بگاتە ناوەندە جیهانییەکان.
دیداری مێپس (MEPS) کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و تێیدا پرسە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای ناوچەکە و جیهان تاوتوێ دەکرێن.

