نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ لە کەناڵی شەمس ڕایگەیاند، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەند بە ڕێکەوتنی کاتی چارەسەر ناکرێن بەڵکو بە یاسا چارەسەر بکرێن.
لەبارەی پرسی کورد جەختیکردەوە، کورد لە عێراق لە ئەنجامی کارەکانی ڕژێمی بەعس باجی قورسی داوە، دەشڵێت: ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕال بە ڕێکەوتنی کاتی چارەسەر ناکرێن بەڵکو بە یاسا چارەسەر دەکرێن.
نووری مالیکی باسی لەوەشکرد، شیعەکان لە عێراق هەمان ستەم و زۆرداری کوردیان بەسەردا دێت، وەک هەڵمەتی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی. ڕاشیگەیاند، پڕۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردن وا دەخوازێت بچمە هەولێر بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە ئاڵۆزییەکان.
نووری مالیکی: پێویستە کورد پەلە بکات لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سوننەش سەرۆکی پەرلەمان، ئێمە نامانەوێت بەشێک بین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمەریکا، بەڵکو دەمانەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری ببینین.
نووری مالیکی گوتی: هەرکەسێک هەوڵی شکاندنی من بدات، دەشکێت و زۆرێکیان پێشتر پرۆسەی سیاسییان بەجێهێشتووە. هەروەها ئیرادەیەک لەلایەن چینی سیاسییەوە هەبوو بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام نەدرێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەشکرد، هەوڵی ناوخۆیی و دەرەکی هەبوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەشڵیت: یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر نادادپەروەری تێدایە، دیارترینی سیستەمی کۆتاکانە.
نووری مالیکی گوتیشی: ئێستا زۆر داوای ئەوە دەکرێت چاو بە یاسای هەڵبژاردن بخشێندرێتەوە، عێراقیش سەقامگیر نابێت، تا هەموو ناوچەکانی دیکەی ناو عێراق سەقامگیر نەبێت.
نووری مالیکی لەبارەی پەراوێزخستنی سوننەکان گوتی: من بە هیچ شێوەیەک باوەڕم بەوە نییە کە سوننەکان لە عێراق پەراوێز بخرێن، ئەوانەی هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئەم بیرۆکەیە دەدەن، مرۆڤی دۆڕاون.

