زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، لە کاردانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی دوایی سوپای پاکستان بۆ سەر ویلایەتەکانی پکتیکا، خوست و کونەر، هۆشداریی دا کە “لە کاتی گونجاودا وەڵامی پێویست بەم کردەوەیەی پاکستان دەداتەوە”.
موجاهید لە کاردانەوەی هێرشەکانی دوایی پاکستان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لە تۆڕی “ئێکس” نووسی: “ئیمارەتی ئیسلامی ئەم پێشێلکاری و تاوانە سەرکۆنە دەکات و جارێکی تر دووپاتی دەکاتەوە کە بەکارهێنانی سنووری ئاسمانی و زەویی خۆی و بەرگریکردن لە خەڵک بە مافی شەرعیی خۆی دەزانێت”. موجاهید لە درێژەدا نووسی: “ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان لە کاتی گونجاودا، وەڵامی پێویست دەداتەوە”. ئەو بانگەشەی کرد کە “ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەسەر بنەمای زانیاریی نادروست ئەنجام دراون و هیچ دەستکەوتێک بۆ پاکستان نابێت”.
حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان پێشتر ڕای گەیاندبوو کە هێزەکانی پاکستان شەوی ڕابردوو، ٣ی کانوونی یەکەم، بە هێرشی ئاسمانی، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانیان کردووەتە ئامانج. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی “ڕۆیتەرز”، ئەم هێرشانە لە ویلایەتەکانی خوست، کونەر و پکتیکا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ئەنجام دراون. زەبیحوڵڵا موجاهید گوتوویەتی، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا لە ویلایەتی خوست، ٩ منداڵ و ژنێک گیانیان لە دەست داوە و چوار کەسی تر بریندار بوون. بە گوتەی ئەو، کۆمەڵگەی ئەم ماڵە بە تەواوی وێران بووە.

