ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر بۆردومانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی دەرکرد.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “لە کاتێکدا عێراق بەرەو ئارامی دەڕوات و رۆڵی راستەقینەی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبینێت، لایەنە تیرۆریستییەکان هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی وڵات دەدەن لەڕێگەی ئەنجامدانی دەستدرێژییەکی تاوانکارانە بۆ سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان.”
گوتیشی: “لەو بارەیەوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگری و ناوخۆ و سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە دەرهاویشتەکانی ئەم کارە ترسنۆکانەیە.”
گوتی: “سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی هەریەک لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەروەها لیژنەیەکی هونەری کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەخۆ بگرێت؛ بۆ لێکۆڵینەوە لەم کردەوەیە و ئاشکراکردنی تێوەگلاوان و ئەو لایەنانەی پشتیوانییان دەکەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت بەپێی یاسا.”

