zagros news agency

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمریکا دەبێت قەرەبووی زیانەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە بکاتەوە

 

سەعید ئێروانی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوە و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، نووسی: “ئەمریکا پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانە مادیی و مەعنەوییەکانی دروستبوو لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا.”

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی “ئیرنا”، ئێروانی زیادەی کرد: “ئەو کردارە داگیرکارانەیەی کە لە لایەن ئیسرائیلەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام درا، دژی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران بووە و پێشێلکردنێکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.” هێرشەکان، کە ئێروانی ئاماژەی پێ کردووە، بریتی بوون لە هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کە تێیدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ی ئەمریکا چوونەتە نێو ئاسمانی ئێرانەوە و فڕۆکە بومبهاوێژەکانی بی-٢یان بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لە چوارچێوەی “ئۆپەراسیۆنی چەکوشێکی نیوەشەو”دا یاوەریکردووە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بە فەرمی دانی بە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی خۆی لەم هێرشانەدا ناوە.

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشتر لە پاش گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی “سەرکردایەتیی هێرش بۆ سەر ئێران”ی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە دەستیدا بووە، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە “پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان” و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش وەسف کردبوو. ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی گوتبووی کە “کۆنترۆڵی تەواو”ی هێرشی ١٣ی حوزەیرانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی لە دەستیدا بووە. ئێروانی جەختی لەوە کردەوە کە دانپێدانانی ئەمریکا “بەرپرسیارێتیی تاوانکاریی تاکەکەسیی” هەموو ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا و ئەو کەسانەی لەو پێشێلکارییانەدا تێوەگلاون، دەسەلمێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودانی: ئه‌گه‌ر پرۆژە یاسای حه‌*شدی شه‌*عبی رانەگرم ئه‌مریكا گرووپە چە*کدارەکان بە ئامانج دەگرێت

سەڵاح

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا کورد لە عەفرین سێ کورسیی بەدەست هێنا

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و باڵيۆزى به‌ريتانيا تاوتوێى په‌يوه‌ندييه‌كان ده‌كه‌ن

یاسین