پاپا لیۆی چواردەهەم، ڕێبەری کڵێسای کاسۆلیکی و فەرمانڕەوای ڤاتیکان، ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە تورکیا. ئەمە یەکەمین سەفەری دەرەوەی ئەو پاپاایەیە کە بەپێی ڕاگەیاندنی ڤاتیکان، درێژەپێدەری بەرنامەکانی پاپا فرانسیس، ڕێبەری پێشووی ڤاتیکانە، بۆ بەشداریکردن لە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی مەسیحییەت. ئەم سەفەرە پەیامێکی ئاشتیشی لە کاتێکی هەستیاردا بۆ شەڕی ئۆکرانیا و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵگرتووە.
سەرچاوەکانی ڤاتیکان دەڵێن پاپا لیۆی چواردەهەم لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، دیدار دەکات و پاشان وتارێک پێشکەش بە ئەندامانی شاندە دیپڵۆماتییەکان دەکات. پاشان پاپا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە نێوان کڵێسایییەکان و گفتوگۆ ئایینییەکان دەچێتە ئەستەنبوڵ. ئەم بەرنامەیە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و دواتر ڕێبەری ڤاتیکان تورکیا بەرەو لوبنان جێ دەهێڵێت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵیی “ڕۆیتەرز”، لیۆی چواردەهەم، کە یەکەمین پاپاای ئەمریکایییە لە مێژووی کڵێسای کاسۆلیکیدا، تورکیای وەک یەکەمین شوێنی دەرەوەی وڵات هەڵبژاردووە بۆ بەشداریکردن لە یادی ١٧٠٠ ساڵەی “یەکەمین ئەنجومەنی نیقایا”. ئەم ئەنجومەنە “بڕوانامەی نیقایا”ی پەسەند کردووە کە زۆربەی مەسیحییەکانی ئەمڕۆیی قبووڵیانە. ماسیمۆ فاجیۆلی، توێژەری ئیتالیایی کاروباری ڤاتیکان، ئەم سەفەرەی بە “زۆر گرنگ” ناو برد و گوتی کە زانیارییەکی زۆر لەبارەی بۆچوونە جیۆپۆلەتیکییەکانی پاپاای نوێ نییە و ئەم سەفەرە یەکەمین دەرفەتی جیدیی ئەو دەبێت بۆ دەربڕینیان. پێشبینی دەکرێت پاپا لە تورکیا بە زمانی ئینگلیزی وتار بدات، کە ڕێچکەیەکی کەمتر باوە، چونکە پاپااکان بە شێوەیەکی ئاسایی لە سەفەرە دەرەوەیییەکاندا بە ئیتالیایی قسە دەکەن.
پێشبینی دەکرێت “ئاشتی” تەوەری سەرەکیی وتارەکانی پاپا لە لوبنان بێت. لوبنان زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی مەسیحیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە خۆ دەگرێت. سەفەری ئەو بۆ لوبنان لە ڕۆژی یەکشەممەوە، ٣٠ی تشرینی دووەم دەست پێ دەکات و تا ٢ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، لە میانەی هێرشێکی ئاسمانییدا، هەیسەم عەلی تەباتەبایی، یەکێک لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی حزبوڵڵای لە بەیرووت کردە ئامانج. ئەم هێرشە سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا. ماتێئۆ برۆنی، وتەبێژی ڤاتیکان، ڕۆژی دووشەممە گوتبووی کە ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی پاپا لە لوبناندا لە گرتنەبەرداین، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەم بارەیەوە نەخستبووە ڕوو. لیژنەی فەرمیی ڕێکخەری سەردانەکە لە لوبنان ڕای گەیاندووە کە ڕێوشوێنی ئەمنیی تووند گیراونەتە بەر، لەوانە داخستنی کاتیی ڕێگاکان، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی درۆن، و داواکردن لە ئامادەبووان کە تەنها ئاڵای لوبنان یان ڤاتیکان هەڵگرن. زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس چاوەڕێ دەکرێت لە ڕێوڕەسمی نوێژی بەکۆمەڵ لە بەیرووت بەشدار بن.
لوبنان میوانداریی نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی سووریایی و فەڵەستینی دەکات و هاوکات لەگەڵ قەیرانێکی ئابووریی درێژخایەندا دەست و پەنجە نەرم دەکات. بەرپرسانی ئەو وڵاتە هیوادارن سەفەری پاپا سەرنجی جیهانی دووبارە بۆ سەر لوبنان ڕابکێشێت.

