شاندێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نوێنەری پانزە وڵاتی ئەندامی تێدا بوو، ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە ڕێگەی دەروازەی “جدێدە یابووس” لە سنووری سووریا و لوبنانەوە گەیشتە سووریا. ئەمە یەکەم سەردانی جۆری خۆی بوو بۆ سووریا لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا.
دوای گەیشتنی، شاندەکە لەگەڵ ئەحمەد ئەل-شەرع، سەرۆکی سووریا، و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەت دیدار و گفتوگۆی ئەنجام دا. شاندەکە ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی، سەردانی دەڤەری جۆبەر لە دەوروبەری دیمەشقی کرد. دەڤەری جۆبەر یەکێک بوو لەو دەڤەرانەی کە زۆرترین زیانی بە هۆی جەنگەوە بەرکەوتبوو. ئامانجی سەردانەکە، “ئاگاداربوون لە ڕادەی وێرانی و لێکەوتەکانی جەنگ” ڕاگەیاندراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات ئامادەیی خۆی لە سووریا زیاتر بکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی ئاسایش لەم دواییانەدا سزا سەپێنراوەکانی لەسەر ئەحمەد ئەل-شەرع هەڵگرتووە. سەردانەکە چەند ڕۆژێک پێش یەکەم ساڵڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا ڕووی دا، ئەنجام دراوە. شاندەکە دواتر سەردانی لوبنان دەکات.

