zagros news agency

سەرۆک کۆماری ئێران: ئێران و ڤەنزوێلا دۆست و هاوپەیمانی ڕاستەقینەن

 

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ڤەنزوێلاییەکەی، نیکۆلاس مادورۆ، جەختی لەسەر پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم وڵاتە کردەوە. پزیشکیان گوتی کە ئێران، ڤەنزوێلا بە “دۆست و هاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی خۆی” دەزانێت. پێداچوونەوە بە هاوکاریی دوولایەنە و نوێترین گۆڕانکارییەکانی دەڤەری کاریبی، بابەتە سەرەکییەکانی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە بوون.
پزیشکیان ڕایگەیاند کە کردارەکانی ئەمریکا لە دەڤەری کاریبیدا “نایاسایین” و بە توندی ڕەخنەی لێ گرت. ئەو گوتی: “ناردنی کەشتیی جەنگی لە لایەن ئەمریکاوە بۆ دەڤەری کاریبی و کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، بە بیانووی ناڕاست، کارێکی تەواو نایاساییە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، و پێشینەیەکی مەترسیدارە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی.”
سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ مادورۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بارودۆخێکدا، بە تایبەتی لە دۆخی هەستیاریی ئێستادا، پشتیوانیی ڤەنزوێلا دەکات. مادورۆش سوپاسی ئێران کرد و کردەوەکانی ئەمریکای بە پڕۆفۆکەت و دژ بە بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف کرد.
نزیکەی مانگێک پێش ئێستا، ماریا کۆرینا ماچادۆ، ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا، لە گوتارێکدا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە گوتی کە ڤەنزوێلا بووەتە “خاڵێکی سەرەکی” بۆ نەیارانی ئەمریکا لە نیوەگۆی زەویدا. ئەو باس لە تێکەڵبوونی تۆڕە تاوانکارییەکان لەگەڵ “دوژمنانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا” دەکات. بە گوتەی ماچادۆ، هێزە پەیوەندیدارەکانی ئێران “تەکنۆلۆژیای سیستەمەکانی درۆنیان” پێشکەش بە حکومەتی مادورۆ کردووە، بە شێوەیەک کە “درۆنی چەکدار” لە نێو ڤەنزوێلادا دروست دەکرێن. هەروەها، ماچادۆ ئیدیعای کردووە کە سیستەمی بانکیی وڵاتەکە بۆ “سپیکردنەوەی پارە”ی تۆڕە هاوسۆزەکان بەکار هێنراوە و زیاتر لە “١٠ هەزار پاسپۆرتی ڤەنزوێلایی” بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی لایەنە هاوسۆزەکان دەرکراون. ئێران و ڤەنزوێلا مێژوویەکی درێژی هاوکاریی سەربازییان هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای درۆن لە ساڵی ٢٠٠١ەوە و هاوکاریی هاوبەش لە دروستکردنی درۆنەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی زێڕ زیاتر بەرزبووەوە

سەڵاح

لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوون بۆ لێکەوتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی هەڵەبجە دەکرێت

یاسین

هیندستان بە بەهای نزیکەی 30 ملیار دۆلار نەوتی عێراقی هاوردە کردووە

سەڵاح