دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقی لە ئۆپەراسیۆنێکدا تۆڕێکی تاوانکاری نێودەوڵەتی تایبەت بە دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن لە پارێزگای بەسرە هەڵوەشاندەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە پشتبەستن بە زانیارییە وردەکانی هەواڵگری ئەنجامدراوە و چەند پارێزگایەکی عێراقی گرتووەتەوە، کە لە ئەنجامدا 17 تۆماتبار دەستگیرکراون، ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆی ئەو 17 تۆمەتبارە 14 یان هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین، تۆڕێکی تاوانکارییان لە دروستکردن و بازرگانیکردنی ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستال پێکهێناوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتباری سەرەکی کەسێکی بەڕەگەز بیانییە و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ هاتووە، خانوویەکی لە بەسرە بەکرێ گرتووە و کردوویەتی بە کارگەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەری جۆری کریستال.
ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاندووە، تۆمەتباری دووەم کە ئەویش ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە هێنانی کەرەستە خاوەکانی دروستکردنی ماددەی هۆشبەربۆ ناو وڵات، داواکراو بووە و لە یەکێک لە بۆسەکاندا لە پارێزگای بەسرە دەستگیرکراوە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف و دیوانیە ئەنجامدرا و توانرا ئەو تۆڕە بە تەواوەتی لە چالاکیی بخرێن و بازرگانە سەرەکییەکانیش دەستگیربکرێن، هەروەها دەست بەسەر نزیکەی 20 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵیشدا گیرا، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی هەشت لیتر ماددە کیمیاییە خاوەکان کە لە دروستکردنی ماددەی هۆشبەردا بەکاردەهێنرێن.
ئاسایشی نیشتمانی باسی لەوەشکرد، تۆمەتبارەکان ڕێگەی جیاوازیان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کەرەستە خاوەکان، بەو پێیەی لە ناوچە بیابانییە دوورەکان و لەناو جل و بەرگ و لەناو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا شاردراونەتەوە، تەنانەت کەمئەندامانیان بەکارهێناوە بۆ بە قاچاخبردنی ئەو کەرەستە مەترسیدارانە.
خەجتیش کراوەتەوە، تۆمەتباران و ئەو کەرەستە و ماددانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری و لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتە بەر.

