حکوومەتی هەرێمی كوردستان بڕێ 335 ملیۆن دینار بۆ کەرتی پەروەردەی چەمچەماڵ تەرخان دەکات.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی ڕۆژی ئاڵادا لە ناحیەی تەکیە، کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی بۆ پشتگیریکردنی کەرتی خوێندن لە قەزای چەمچەماڵ و سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، کە خۆی لە تەرخانکردنی بودجەی فریاگوزاری و دابینکردنی پێداویستییەکاندا دەبینێتەوە.
وەزیری پەروەردە رایگەیاند، بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ٣٣٥ ملیۆن دینار وەک بودجەی فریاگوزاری بۆ کەرتی پەروەردەی چەمچەماڵ تەرخان کراوە، شێوازی خەرجکردنی بڕە پارەکە بەم جۆرە دیاری کراوە:
- ١٣٠ ملیۆن دینار، بە شێوەی نەختینە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەرکەوتووە.
- ١٠٠ ملیۆن دینار، بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی کە پەروەردەی چەمچەماڵ داوای کردبوون.
- ١٠١ ملیۆن دینار=، بۆ کڕینی ٨٥ هەزار کتێبی نوێ، دوو هەزار جانتای قوتابخانە و پێداویستییەکانی تری تاقیگە و نووسین.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیری پەروەردە بڕیاری دا بە ئاڕاستەکردنی نووسراوی سوپاس و پێزانین بۆ سەرجەم مامۆستایانی چەمچەماڵ، وەک ڕێزێک بۆ دڵسۆزییان لە کاتی ڕووداوەکانی لافاودا.
سەبارەت بە دادپەروەری لە دابەشکردنی بودجەدا، وەزیری پهروهرده ڕایگەیاند کە گۆڕانکارییان لە پشکی پارێزگاکاندا کردووە: “بڕیارمان دا ٢٪ لە پشکی هەولێر و دهۆک کەم بکەینەوە و بۆ بەرژەوەندی گەرمیان و هەڵەبجە زیادی بکەین، بەمەش پشکی گەرمیان لە ٤٪ـەوە بۆ ٨٪ بەرز بووەوە. ئێستاش بودجەی هەر پارێزگایەک بۆ خۆی دەنێردرێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ خەرجی بکەن.”

