سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان، ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە یاسای سزادانی عێراقی سزای زیندانیکردن بەسەر ئەو شەڕکەرە عێراقییانەدا دەسەپێنێت کە بەشدارن لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەم قسانەی زێدان لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و لیژنەی فەرمانی دیوانیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی راکێشانی عێراقییەکان بۆ شەڕ لە رووسیا، هاتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چارەسەرکردنی بارودۆخی ئەو عێراقییانە کرا کە تێوەگلاون لە شەڕی ئۆکرانیا، دادوەر زێدان روونی کردەوە کە یاسای سزادانی عێراقی سزای زیندانی دەسەپێنێت بەسەر هەر کەسێکدا کە بە هەر شێوەیەک بێت پەیوەندی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتێکی ترەوە بکات بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی عێراق.”
پێشتر ژمارەیەک لەو شەڕکەرە عێراقییانەی لە بەرژەوەندی مۆسکۆ بەشدارییان لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیادا کردووە، داوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق کردبوو بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی لەوبارەیەوە نەدراوەتەوە.
پێشتر باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، ئەلبـروس کۆتراشێڤ، به شەفەق نیوزی رایگەیاندبوو کە هەزاران عێراقی ئامادەن پەیوەندی بە سوپای رووسیاوە بکەن ئەگەر دەرگایان بۆ بکرێتەوه.
یاسای ڕووسیا رێگە بە هەر هاوڵاتییەکی بیانی دەدات کە لەو وڵاتە نیشتەجێیە و زمانی ڕووسی دەزانێت، بە گرێبەستێکی فەرمی و بە مووچەیەکی دیاریکراو کە لە نێوان ٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ دۆلارە، ببێتە سەرباز لە سوپای رووسیادا.
ئاماژە بەوەش کراوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە سوپای رووسیاوە کردووە، ئەو کەسانەن کە بە مەبەستی گەشتیاری چوونەتە مۆسکۆ یان ئەوانەی رووسیایان وەک دەروازەیەکی ئارام بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپا.

