هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی کانوونی یەکەم، لە ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی نووسینگەی سیاسیی حەماس کۆبووەوە و لەسەر ئاگربەست لە غەزە و برەودان بە ڕێککەوتنەکە بۆ قۆناغی دووەم گفتوگۆیان کرد.
بەپێی سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بەرپرسانی حەماس بە فیدانیان گوت، پابەندبوونەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا جێبەجێ کردووە. بەڵام ئاماژەیان بەوەش کرد، ئامانجی ئیسرائیل لە بەردەوامیدان بە هێرشەکانی سەر غەزە ڕێگریکردنە لە چوونە نێو قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنەکە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، نوێنەرانی حەماس هەروەها گوتیان، یارمەتییە مرۆیییەکانی دەگەنە غەزە بەس نین. ئەوان داوایان کرد، کەلوپەلی وەک دەرمان، ئامێرەکانی نیشتەجێبوون و سووتەمەنی پێویستن. تورکیا بە شێوەیەکی نەریتی ڕۆڵێکی دیار دەبینێت لە نێوەندگیرییەکانی پەیوەست بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

