ڕۆژی چوارشەممە، کانوونی یەکەمی ٢٤، ئیكرامەدین سهريع، یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووتری پۆلیسی ئەفغانستان لە سەردەمی پێش حکوومەتی تاڵیبان، لە تاران تیرۆر کرا. میدیای ئێرانیش پشتڕاستی کردەوە سهريع لە تاران بووەتە ئامانجی هێرشێکی چەکداری و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پایتەختی ئێران گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند چەکدارانی نەناسراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی سهريع و یاوەرەکانی کردووە. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا یەکێک لە یاوەرەکانی هەر لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەست دا و ئیكرامەدین سهريع خۆی بە برینێکی سەختەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام چەند کاتژمێرێک دواتر کۆچی دوایی کرد.
ئیكرامەدین سهريع فەرماندەی پێشووتری پۆلیسی ویلایەتەکانی بەغڵان و تەخار بووە لە سەردەمی حکوومەتی کۆماری ئەفغانستان و دوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆچی کرد بۆ ئێران.
لە کاتێکدا سهريع لە ساڵانی ڕابردوودا بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی دژە تاڵیبان لە باکووری ئەفغانستان ناسرابوو، بەڵام هۆی تیرۆرکردنی ئەو و یاوەرەکانی و هۆکارە پشت پەردەکان هێشتا ڕوون نین. دەسەڵاتدارانی ئێرانیش تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان دەربارەی هۆکار و ئەنجامدەرانی ئەم تیرۆرە نەداوە.
ژمارەیەک لە بەرەکانی سەربازیی دژە تاڵیبان، وەک “بەرەی بەرگری”، “بەرەی ئازادی” و “حیزبی جەمعییەتی ئیسلامی”، کوژرانی ئیكرامەدین سهريعیان لە تاران بە “کردەوەیەکی تیرۆریستی” ناو برد و ئەم ڕووداوانەیان بە “زەنگی مەترسی و مایەی نیگەرانیی جیددی” دانا. حیزبی جەمعییەتی ئیسلامیی ئەفغانستان ڕایگەیاند “ئەم جۆرە کوشتنانە، بەتایبەتی لە شارانێکدا کە نوێنەرایەتییە سیاسی و کونسوڵییەکانی ئەفغانستان لە دەستی تاڵیبان دان، مایەی نیگەرانیی جیددین.” ئەم حیزبە داوای لە حکوومەتی ئێران کرد هۆکارانی “کوشتنەکە” بناسێنێت و بیداتە دەست یاسا و دادپەروەری. بەرەی بەرگریش لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی ئەمە یەکەم جار نییە کەسایەتییە سەربازی و ئەمنییە دیارەکانی ئەفغانستان لە ئێراندا دەبنە ئامانجی “تیرۆرە ئاراستەکراوەکان”.

