رێکخراوی “عراق المستقبل” بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری، پێشبینی کرد کە تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە وڵاتدا ٩ ملیۆن تێپەڕێنێت، هۆکاری ئەمەشی بۆ لاوازیی ژێرخانی کەرتی گواستنەوەی گشتی گەڕاندەوە.
دابەشبوونی ئۆتۆمبێلەکان بەپێی پارێزگاکان:
بەغدا: لە پلەی یەکەمدایە بە نزیکەی ٣ ملیۆن ئۆتۆمبێل (٣٦٪ی کۆی گشتی)
هەولێر: نزیکەی ٩٨٢ هەزار ئۆتۆمبێل
سلێمانی: نزیکەی ٧٢١ هەزار ئۆتۆمبێل
منار عوبەیدی، سەرۆکی رێکخراوی ” عراق المستقبل” و شارەزای ئابووری، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چڕییە زۆرە فشارێکی گەورە دەخاتە سەر شەقام و تۆڕەکانی گواستنەوە، بەتایبەت لە شارە گەورەکاندا.
هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل:
١- لاوازیی گواستنەوەی گشتی: کە وای کردووە هاووڵاتییان تەنها پەنا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت بەرن
٢- نەبوونی رێکاری توند لە هاوردەکردن: کە بووەتە هۆی هاتنی بڕێکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی کۆن و تێکچوو
٣- زیادبوونی رێژەی دانیشتووان: کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ زیادبوونی خواست.
عوبەیدی هۆشداری دا کە بەردەوامبوونی ئەم رەوتە دەبێتە هۆی قەرەباڵغییەکی خنکێنەر و تێچووی ئابووری و ژینگەیی زۆر. وەک چارەسەریش پێشنیاری ئەمانەی کرد:
پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوەی گشتی لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە
دانانی مەرجی توندتر بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل
بەرزکردنەوەی باجی گومرگی بەپێی جۆر و کارایی ئۆتۆمبێلەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەم پاشاگەردانییەی ئێستا هەیە.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گشتی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا (کانوونی یەکەم) ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە عێراقدا ٨ ملیۆنی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ کە ژمارەی ئۆتۆمبێلە تۆمارکراوەکان نزیکەی ٧ ملیۆن بوو.

