لویس ساکۆ، سەرۆکی پاتریارکی کلدانی کاتۆلیک لە عێراق و جیهان، ئەمڕۆ پەیامێکی ئاراستەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە کرد و تێیدا دڵتەنگی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە قسەکانی لە میانی مەراسیمی قەداسی جەژنی لەدایکبووندا لە بەغدا لە دەقی راستەقینەی خۆیان دەرهێنراون. جەختیشی کردەوە کە مەبەستی ئەو بە هیچ شێوەیەک ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نەبووە لەگەڵ ئیسرائیل.
ساکۆ لەو پەیامەدا کە ئاراستەی سەدری کردووە، دەڵێت: “ئازاری دام ئەو وتارەی لە شەوی جەژنی لەدایکبوون(٢٤ی کانوونی یەکەم) پێشکەشم کرد، لە دەقە راستەقینەکەی خۆی دەرهێنراوە.”، دووپاتیشی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە هیچ جۆرە ئاساییکردنەوەیەکی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل نەکردووە و “بە تەواوی لە هەستیاری و لێکەوتەکانی ئەم بابەتە تێدەگات.”
روونیشی کردەوە کە “مەبەستی ئەو تەنها بانگەواز بووە بۆ راکێشانی سەرنجی جیهان بەرەو عێراق وەک نیشتمانی پێغەمبەران و بێشکەی شارستانییەتەکان، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە بووژانەوەی گەشتیاریی ئایینی و شوێنەواری کە سوود بە وڵات دەگەیەنێت.”
لە چەند ڕۆژی رابردوودا، بەکارهێنانی دەستەواژەی “ئاساییکردنەوە”(التطبیع) لەلایەن لویس ساکۆوە لە کاتی مەراسیمی جەژنی لەدایکبوون لە بەغدا، مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە.”
دواتر پاتریارکی کلدانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە مەبەست لەو دەستەواژەیە “ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ عێراق” وەک وڵاتی شارستانییەت و ئایینەکان، نەک لەگەڵ هیچ وڵاتێکی تر (وەک ئاماژەیەک بۆ ئیسرائیل).

