نزیکەی هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپیی خزمەتگوزارییەکانی بانکی تی بی ئای رووبەڕووی کێشەی جیاواز بوونەتەوە.
تیمی هەژماری من لە راگەیەنراوێکدا داوای لەو بانکە کردووە بەبێ دواکەوتن کێشەکانی بەردەم مووچەخۆران چارەسەر بکات و هۆشداریشی داوە کە ئارامگرتنیان سنووری هەیە.
لە لێکەوتەکانی ئەم دۆخەدا، فەرمانبەرانی سلێمانی و ناوچەکانی دیکە گلەیی لە کەمی ئامێرەکانی ئەی تی ئێم و وەرگرتنی کرێی زۆر بۆ کردنەوەی هەژمار دەکەن، تەنانەت هەندێک فەرمانبەر دەڵێن تەنیا نیوەی مووچەکانیان لە ئامێرەکان وەرگرتووە و بڕەکەی دیکە لە هەژمارەکانیان فەوتاوە.
شایەنی باسە بانکی تی بی ئای تەنیا بیست ئامێری راکێشانی پارەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەمەش وایکردووە بانکەکە نەتوانێت مامەڵەی ئەو ژمارە زۆرەی مووچەخۆران بەڕێوەببات.

