باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ رایگەیاند کە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک لەبارەی بەرزکردنەوەی پێناسەی گومرگی بڵاو دەکەنەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و جەختیشی کردەوە کە حکومەت هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە.
عەوادی گوتی: “هەندێک له تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆییەکی کۆنیان بڵاوکردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و باس لە پێناسەی گومرگی (پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی) دەکات لەسەر هەندێک کاڵای بەکاربردن؛ ئەمەش دوای ئەوە هاتبوو کە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە عێراقییەکان داوای پاراستنی بەرهەمەکانیان کردبوو کە بازاڕە ناوخۆییەکانیان بەتەواوی داپۆشیوە و خاوەن کوالیتی و نرخێکی ڕکابەرین.”
روونیشی کردەوە کە “سەپاندنی پێناسەی گومرگی بۆ پاراستنی بەرهەم، رێکارێکە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا وەک یەکێک لە رێکارەکانی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ پاراستنی پیشەسازی و گەشەپێدان و رەخساندنی هەلی کار جێبەجێ دەکرێت”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەو ڤیدیۆیانەی دووبارە بڵاوکراونەتەوە کۆنن و ئەسڵەکەیان لە پلاتفۆرمە فەرمییەکانی حکومەتدا هەیە و دەتوانرێت لەڕێگەی مێژووەکانیانەوە دڵنیا ببنەوە.”
هەروەها جەختی کردەوە کە “حکومەت هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە، وەک چۆن ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گومرگیش دووپاتی کردەوە”، ئاماژەی بەوەش دا کە “بنەڕەتی بابەتەکە بریتییە لە وەرگرتنی سپاردەی باج (أمانات ضريبية) لە دەروازە سنوورییەکان و گواستنەوەیان بۆ فەرمانگەی باج لەڕێگەی سیستەمی ئەسیکۆدا ASYCUDA کە بەم دواییانە کەوتووەتە کار، بەو مەرجەی لە کۆتایی هەر ساڵێکدا لەگەڵ بازرگان و هاوردەکاران یەکلایی بکرێتەوە.”

