بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاشکرایکرد، لەسەر بنەمای ئەو مەترسییەی کە لە قڕکردن و کۆمەڵکوژی هەستی پێ دەکەین، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی ڕای گشتیی ناوخۆیی و جیهانی، هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراو و دامەزراوە مرۆیی و مافپەروەرییەکان دەکەین، سەبارەت بەو بەئامانجگرتنە ڕاستەوخۆ و بەرنامەبۆداڕێژراوەی کە “نەخۆشخانەی خالید فەجر” لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
بۆردومانی بەردەوامی نەخۆشخانەکە، وەک دامەزراوەیەکی پزیشکیی مەدەنی، تاوانی جەنگە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ژیانی نەخۆش و بریندار و تیمە پزیشکییەکان دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها ترسێکی ڕاستەقینە لە ڕوودانی کۆمەڵکوژیی مرۆیی بەهۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە دروست دەکات.
بەردەوامیی ئەم بۆردومانە دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی کارەساتی مرۆیی و تەندروستی، بێبەشکردنی مەدەنییەکان لە مافی چارەسەر، زیادبوونی ژمارەی قوربانییان و بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوواندا.
بۆیە داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆیی و مافپەروەرییەکان دەکەین دەستوەردانی بەپەلە بکەن بۆ ڕاگرتنی بۆردومانەکە، دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ نەخۆشخانەکە و دامەزراوە پزیشکییەکان، و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کاری تیمە تەندروستییەکان بەبێ بەربەست.

