د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەگەڵ پێداچوونەوە بە کۆی سیستمی پەروەردە، گۆڕانکاریش لە پەیکەربەندی کارگێڕی قوتابخانە و پەروەردەکان بەردەوامن.
ئەمڕۆ سێشهممه لە شاری هەولێر، وەزارەتی پەروەردە بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی کوردستان فاوەندەیشن پڕۆژەی (ئی قوتابخانە)یان ڕاگەیاند و دەستی پێکرد.
د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە لە مەراسیمەکەدا گوتی: “لەگەڵ بەردەوامی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ کەرتی پەروەردە، کارمان کردووە بۆ ئەوەی قوتابخانەکانیش بەهەمان شێوە بە ئەلیکترۆنی بکرێن بەتایبەتی لە پۆلی دیجیتاڵیدا، ئێستا 40 قوتابخانه لە خوێندنی حکوومی کراونەتە دیجیتاڵی و ئەمساڵیش تا کۆتایی، هەزار قوتابخانە دەکرێنە دیجیتاڵی.
وەزیری پەروەردە باسیشی لەوەکرد کە وەزارەتی پەروەردە و هاوشەکانی کۆمەڵێک هەنگاوی دیکەی ناوە بۆ قوتابخانەکان وەک سیستمی وزەی خۆر بۆ کارەبا و بەیەکەوەستنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندن و وانە و مامۆستایان لێی سوودمەند دەبن. ئەوە جگە لە دەستەبەرکردنی زیرەکی دەستکرد بۆ قوتابیان.
د. ئالان حەمەسەعید گوتیشی: “لەڕێگەی ڕێکخراوی یونسکۆوە لەگەڵ زانکۆی کۆلۆڕادۆی ئەمهریکی ڕێککەوتووین بۆ هەماهەنگی زانستی و پەرەپێدان، بەتایبەتی لە تاقیگەکاندا کە ئەوە ئەرکێکی قورس بوو لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام لەو چوارچێوەیەدا بەخۆرایی تاقیگەکانمان بۆ ئامادە دەکەنەوە.
پلاتفۆڕمی (ئی قوتابخانەکەم) سیستمێکی ئەلیکترۆنی پەروەردەییە کە هاوکاری قوتابیان و مامۆستایان دەدات لە فێرکردن و دەستگەیشتن بە زۆرترین سەرچاوەی پەروەردە و فێرکردن.

