مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، گەیشتە شاری هەولێر. بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی سووریا، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆببێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە هەماهەنگی و گفتوگۆی جددی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی. هەولێر، وەک ناوەندێکی دیپلۆماسی و ئەمنی، دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆی کراوە و دروست لەسەر پرسە هەستیارەکان.
ئەم دیدارانە نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیرکردنی ناوچەکەدا.
چاودێران پێشبینی دەکەن ئەم کۆبوونەوەیە بڕیاری گرنگ و کاریگەر بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەتی لەسەر داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆڵی پێکهاتە جیاوازەکان لە سووریای داهاتوودا.

