ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی واژۆی فەرمی بۆ بانگکردنی وەزیری دارایی، تەیف سامی، ئەمەش لەسەر بنەمای تێبینییە چاودێرییەکان سەبارەت بە دۆسیەی تەرخانکردنی دارایی، دامەزراندن و بودجەی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی نووسراوە فەرمییەکان کە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کراون، داوای بانگکردن پشتبەست بە دەسەڵاتە دەستووری و چاودێرییەکانی ئەنجومەن و بەپێی ماددەی (٦١)ی دەستوور هاتووە، بە مەبەستی لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی سەبارەت بەوەی پەرلەمانتاران بە “سەرپێچی بنەڕەتی و لادانی مەترسیدار” لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی رابردوو وەسفیان کردووە.”
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان گرنگترین تەوەرەکانی بانگکردنەکه بریتین لە:
دادپەروەری لە دابەشکردنی بودجە: پابەندنەبوون بە دابەشکردنی تەرخانکردنی دارایی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لە نێوان پارێزگاکاندا.
داهاتی گومرگی: تێبینییەکانی دیوانی چاودێری دارایی سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتە گومرگییەکان و بێبەشکردنی پارێزگاکان لە شایستە یاساییەکانیان.
مافی دارایی پارێزگاکان: جێبەجێ نەکردنی ماددەی (٢٩)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و قەرزی گشتی.
دامەزراندن: تۆمەتبارکردنی بە تێپەڕاندنی سنوورە یاساییەکان لە دامەزراندنەکاندا لە ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥.
لیستە هاوپێچەکان دەریدەخەن کە دەیان پەرلەمانتار واژۆی داواکارییەکەیان کردووە و بە دەستوخەت تێبینییان نووسیوە و داوای “بانگکردنی بەپەلەی وەزیری دارایی” دەکەن. بڕیار وایە سەرۆکایەتی پەرلەمان داواکارییەکە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان بکات بۆ دیاریکردنی وادەیەکی فەرمی بۆ دانیشتنی بانگکردنەکه.

