بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی ‘شەهیدانی یەکی شوبات’ لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆک بارزانی رۆڵی سەرەکیی بینی لە رێککەوتنەکەی هەسەدە و حکومەتی سووریا و هیوای خواست، ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، “هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، گفتوگۆکان بەردەوامن و بزانین بە چی دەگەین.”
گوتیشی “بەپێی بەرژەوەندیی باڵاکانی گەلەکەمان بڕیار دەدەین.”
دووپاتی کردەوە، پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دوو پرسی جیاوازن و پێیوایە نابێت تێکەڵ بکرێن.

