تارین سمیس، کچە وەرزشوانێکی تەمەن ٢٥ ساڵانی ئەمریکایییە، دوای ئەوەی توانی بە تەنیا و بە سەوڵلێدان زەریای ئەتڵەسی ببڕێت، ناوی چووە نێو کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان؛ چونکە یەکەم ژنە لە مێژوودا کارێکی لەو شێوەیە بکات.
ئەو ماوەیەی تارین سمیس بە سەوڵلێدان بڕیویەتی، چوار هەزار و ٨٣٠ کیلۆمەترە، واتە لەم سەر بۆ ئەو سەری زەریای ئەتڵەسی. گەشتەکەی لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە لە کەناراوەکانی ئیسپانیا دەستی پێ کرد و ئەمڕۆ گەیشتە دوورگەکانی دەریای کاریبی و بەدیاریکراوی ناوچەی ئەنتیگوا.
ئەو کچە وەرزشوانە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتری بە سەوڵلێدان بڕیوە و خۆراکی سەرەکییشی بریتی بووە لە ماسی و خواردنی لەقوتوونراو، ناو بە ناویش خواردن و خواردنەوەی لە کەشتییەکانی دیکە وەرگرتووە.
تارین لە دوای تەواوبوونی گەشتەکەی، کە بەشێک لە دەموچاوی بەهۆی تیشکی خۆرەوە سووتاوە، دەڵێت: “هەرگیز هێندەی ئەم گەشتە هەستم بە تەنیایی نەکردووە، بەڵام سوپاسی بنەماڵەکەم دەکەم کە هاوکارییان کردم تا لەم ئاڵنگارییەدا سەرکەوتوو بم”.

