هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، بڕیاری دا بایکۆتی کەناڵی ئاسمانی “ئەلعەهد” بکات، کە سەر بە بزووتنەوەی “عەسائیب ئەهلولحەق”ە بە ڕێبەرایەتی قەیس خەزعەلی؛ ئەمەش بەهۆی پشتگیریکردنی کەناڵەکە لە هەڵوێستی ئەو کەسایەتییانەی دژی کاندیدکردنی مالیکین بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتووی فیدراڵ.
پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردبوو کە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق و ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە ڕێبەرایەتی عەممار حەکیم، لە ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دژی کاندیدکردنی مالیکی بوون بۆ ئەو پۆستە.
بەپێی هەواڵێکی “شەفەق نیوز” لە زاری بەرپرسێکی دەوڵەتی یاساوە گواستووەتەوە: “بڕیارێکی فەرمی لەلایەن سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکەوە دەرچووە بۆ بایکۆتکردنی کەناڵی (ئەلعەهد)؛ ئەمەش بەهۆی هەماهەنگی و پڕوپاگەندەکردنی کەناڵەکە بۆ هەڵوێستەکانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی ‘تەقەدوم’ و ئەو کەسایەتییە جێ مشتومڕانەی دژی نوری مالیکی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆک وەزیران دەوەستنەوە.”

