نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی بەکارهێنانی سیستەمی “ئی پسوولە”ی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی پێوانەییدا دەیان هەزار هاوبەشی کارەبا سوودیان لەم خزمەتگوزارییە وەرگرتووە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘ئێکس’ (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، لەدوای ئەوەی ڕۆژی 10ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی “ئی پسوولە”ی بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی ڕاگەیاند، پێشوازییەکی بەرچاو لە سیستەمەکە کراوە.
عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەشداوە کە تەنها لەو ماوە کورتەدا، 25 هەزار وەسڵی کارەبا لە ڕێگەی “ئی پسوولە”وە پارەکەیان دراوە، ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانە.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران ڕوونیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێم وەک دەستپێشخەرییەک و بۆ هاندانی هاووڵاتییان، بڕیاری داوە بە ڕێژەی 20% داشکاندن بۆ ئەو هاوبەشانەی کارەبا بکات کە لە ڕێگەی “ئی پسوولە”وە پارەکانیان دەدەن.
سیستەمی “ئی پسوولە” هەنگاوێکی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی پارەدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی فەرمییان پێ دراوە.

