لە وەڵامی هەڕەشە بەردەوامەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران، تەواوی بنکە و دامەزراوە و سەرمایە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانجی شەرعیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی 20ـی شوباتی 2026، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، ناڕەزایەتی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی. ئیرەوانی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە کە دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی “هەڕەشە نایاساییەکانی ئەمریکا بۆ پەنابردنە بەر هێز”.
ئەم کاردانەوەیەی ئێران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە 19ی شوبات ڕایگەیاندبوو؛ پێویستە واشنتن بگاتە ڕێککەوتنێکی مانادار لەگەڵ تاران و ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی دەربارەی ئێران دەدات.

