فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، هۆشداریی توندی دا لە پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێ سەربازییەکان.
وەزیری دەرەوەی عێراق هەوڵی بەئامانجگرتنی یەکە سەربازییەکانی ئیتاڵیای لە هەرێمی کوردستان ئیدانە کرد و جەختی لە پاراستنی هێزە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە پاڵپێوەنانی عێراق بەرەو شەڕ کارێکی “زۆر مەترسیدارە” و دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی تری ناوچەکەش تێوەبگلێن و ململانێکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن.
هەردوولا باسیان لە هەڕەشەکانی سەر ئابووری جیهان کرد، بەتایبەت ئابووری وڵاتانی ئەوروپا. وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمز و ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی عێراق دەبێتە هۆی قەیرانێکی گەورەی وزە لە جیهاندا.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە مەدرید لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق، لەگەڵ بەغداد دەبێت.

