دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا داوای ناردنی کەشتیی سەربازی بۆ گەرووی هورمز لە وڵاتانی هاوپەیمانی کرد، دوێنێ وڵاتی چین و ئەمڕۆ ئوسترالیاش گوتی: “هیچ کەشتییەکی سەربازی بۆ گەرووی هورمز نانێرێت.”
ئەمڕۆ دووشەممە 16/3/2026، کاسێرین کینگ، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئوسترالیا، لە وەڵامی داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، بە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی گوت: “ئوسترالیا بەشێک نابێت لە جەنگی ئێران – ئیسرائیل و هیچ کەشتییەکی سەربازی نانێرین بۆ گەرووی گورمز.”
ئاماژەی بەوەش دا: “تاوەکوو ئێستا هاوکاریی ئوسترالیا تەنیا بۆ ئیماراتە، چەندین سەربازی ئوسترالی و فڕۆکەی سەربازیمان بۆ ئەو وڵاتە ناردووە، بەڵام هیچ کەشتییەکی سەربازی بۆ گەرووی هورمز نانێرین.”
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتایی دەستپێکی جەنگەکەوە، گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە داخرا و هیچ کەشتییەکی پێیدا تێناپەڕێت، ئەمە ترەمپی ناچار کرد داوا لە وڵاتانی هاوپەیمان بکات کە کەشتیی سەربازی بۆ گەرووی هورمز بنێرن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ وڵاتێکی هاوپەیمان بە دەم داواکارییەکەیەوە نەهاتوون.

