zagros news agency

کۆمپانیای “BP”ی بەریتانی کارمەندەکانی لە پڕۆژە نەوتییەکانی کەرکوک دەکشێنێتەوە

 

سەرچاوەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە کۆمپانیای “BP”ی بەریتانی ژمارەیەک لە کارمەندە بیانییەکانی خۆی کە لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک کار دەکەن، کشاندووەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی گرژییە ئەمنییەکان و لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا.

سەرچاوەکان بە “شەفەق نیوز”یان ڕاگەیاندووە: کۆمپانیاکە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی باکووری ئاگادار کردووەتەوە لە بڕیاری کشانەوەی کارمەندە بیانییەکانی کە لە تیمەکانی پاڵپشتی تەکنیکی و ڕاوێژکاری کار دەکەن. ڕوونیشیان کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزییە بۆ پاراستنی ستافەکانیان لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییەدا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بڕیارەکە بە واتای هەڵوەشاندنەوە یان کۆتاییهێنان بە گرێبەستی نێوان هەردوولا نایەت، بەڵکو تەنها ڕێکارێکی کاتییە تا ئەو کاتەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی دەکرێت. باسیان لەوەش کرد کە ڕەنگە هەندێک لە کارە مەیدانییەکان بەشێوەیەکی کاتی کاریگەر بن بەهۆی نەبوونی تیمە تەکنیکییە بیانییەکان کە سەرپەرشتی لایەنە پسپۆڕییەکانی پڕۆسەی پەرەپێدان دەکەن.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هاوکاری نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای (BP) مەبەست لێی جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ پەرەپێدانی ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە پارێزگای کەرکوک، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و باشترکردنی ژێرخانی سیستەمی گواستنەوە و بەرهەمهێنان.

لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کۆمپانیای نەوتی باکوور نزیکەی ٣٢٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، پلانەکانی پەرەپێدانیش ئامانجیان ئەوەیە ئەو بڕە لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا داوای تورکیا بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش ڕەت دەکاتەوە

سەڵاح

لەنامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان.. ئیسرائیل هەڕەشە لە عێراق دەکات و ده‌ڵێت حکوومەتی بەغدا بەرپرسیارە

سەڵاح

مشعان جبووری: چۆڵكردنی باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا ئامادەكارییە بۆ هێرش

سەڵاح