محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی کرد بە ڕاوەدوونانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کرانە سەر کێڵگەی نەوتیی مەجنوون، هۆتێل ڕەشیدی نێودەوڵەتی و بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدادی پایتەخت.
سەباح نعمان، وتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “لەو کاتەی هێزە ئەمنییەکانمان و ئەندامانی حەشدی شەعبی ڕووبەڕووی هێرشی ناپاکی دەبنەوە و بەهۆیەوە شەهید و بریندارمان هەیە، هێرشی بێ پاساو بۆ سەر ژمارەیەک دامەزراوەی گرنگ و نێردە دیپلۆماسییەکان دووبارە بوونەتەوە. ئەم هێرشانە ئامانجیان تێکدانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەیە کە عێراق بەهۆی قوربانییەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە بەدەستی هێناوە.”
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: کێڵگەی نەوتیی مەجنوون، هۆتێل ڕەشیدی نێودەوڵەتی و باڵیۆزخانەی ئەمریکا کراونەتە ئامانج، کە ئەمانە کارگەلێکی تاوانکارین و لێکەوتەی مەترسیداریان بۆ سەر وڵات هەیە و دەبنە کۆسپ لەبەردەم هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاوەدانی.
سوودانی فەرمانی بە هەموو دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کردووە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە بدۆزنەوە و دەستبەجێ ڕادەستی دادگایان بکەن.
فەرماندەی گشتی جەختی کردەوە کە “ئاسایشی دەوڵەت و سەلامەتی هاوڵاتییان هێڵی سوورە” و فەرمانی کرد بە لێپرسینەوە لە هەر بەرپرس و ئەفسەرێک کە لە سنووری کارەکەیدا کەمتەرخەم بووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە گەلی عێراق گەورەترین زیانمەندە لەم کارانە، و حکومەت بە ڕێکاری توند بەرپەرچیان دەداتەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئارامی لە هەموو وڵاتدا.

