بەگوێرەی بەڵگەیەكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق كە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی دۆسیەیەكی گەندەڵیدا لە گۆڕینەوەی دۆلاری هاووڵاتییان كاتێك سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات دەكەن گەندەڵیی هاووڵاتیانی عراقی ئاشكرا بووە.
بە گوێرەی ئەم هەواڵە، زیاتر لە 151 هەزار هاووڵاتی بەبێ ئەوەی سەردانی دەرەوە بکەن، دۆلاریان بە نرخی فەرمیی بانك وەرگرتووە و لە بازار بە نرخی ئازاد فرۆشتوویانەتەوە.
بەمجۆرە سیستەمی بانکیی عێراق هەڵخەڵەتێنراوە و بەهەزاران کەس بەسەر ئەم سیستەمەوە بازرگانییان کردووە.
بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەک کە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە رێککەوتی 1ـی شوباتی 2023 هەتا 8ـی تەمووزی هەمان ساڵ، 151 هەزار و 940 کەس لەرێگەی پێگە ئەلیکترۆنییەکانەوە 607 ملیۆن و 760 هەزار دۆلاریان لەرێگەی لقەکانی بانکی ناوەندییەوە بە بەهای فەرمی، واتە بە بەهای 132 هەزار دینار وەرگرتووە و بەبێ ئەوەی سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردبێت، دۆلارەکانییان لە بازاڕی رەشدا بەنرخی ڕۆژ فرۆشتووەتەوە.