بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانیی دژە تیرۆری ئەمریکا رایگەیاند، کاتێک ئەمریکا هێرشەکەی دەستپێکرد، ئێران کاری لەسەر پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نەکردووە.
جۆ کێنت، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانیی دژە تیرۆری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووس تاکەر کارلسۆن، گوتی: ئێران پەرەیان بەچەکی ئەتۆمی نەداوە، نە ئێستا خەریکی ئەوە بوونە کاتێک هێرشەکە دەستی پێکردووە، نە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووش، کاتێک جەنگی 12 رۆژە روویدا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێران فەرمانێکی ئایینی (فەتوا)ی هەیە کە هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات، ئەم فەرمانە لە ساڵی 2004ەوە کاری پێدەکرێت و بە ئاشکرا بەردەستە، ئێمە هیچ زانیارییەکی هەواڵگریمان نەبوو کە ئاماژە بەوە بکات کە ئەوان ئەم فەرمانە پێشێل دەکەن، ئەمەش گومانی خستە سەر ئەو پاساوانەی کە بەکارهێنراون بۆ شەرعیەتدان بە جەنگی ئەمریکا دژی ئێران.
جۆ کێنت بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی دژە تیرۆری ئەمریکا بوو، بەڵام لە 17ـی ئاداری 2026، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی لەکارکێشایەوە و گوتی: “ناتوانم بە ویژدانێکی ئاسوودەوە پشتیوانی لە جەنگی بەردەوامی دژی ئێران بکەم.”

