لە وەڵامی هەڵدانی مووشەکەکانی ئێران و گەرمبوونی گرژییەکانی ناوچەکە، هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) جووڵەکانی لە تورکیا چڕتر کردووەتەوە. جگە لە جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی (پاتریۆت)، پلانێک بۆ دروستکردنی فەرماندەییەکی سەربازیی نوێی فرەڕەگەز لەسەر خاکی تورکیا ئاشکرا بووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت)، پلانێکی ناتۆ بۆ دروستکردنی (فەیلەقی ئەتڵەسیی فرەڕەگەز) لە تورکیا ئاشکرا بووە.
سەرەتای دزەپێکردنی ئەم زانیارییانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسەرێکی ناتۆ کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (لینکدین) وێنە و لۆگۆی ئەم فەیلەقە نوێیەی بڵاو کردووەتەوە و باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەم بنکەیە کردووە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی هاوپەیمانییەکە لە ناوچەکەدا.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە، سەرچاوەیەکی بەرپرس بۆ رۆژنامەی (جمهوریەت)ی توركی پڕۆژەکەی پشتڕاست کردووەتەوە کە وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕەزامەندیی لەسەر دروستکردنی ئەو بارەگا فرەڕەگەزەی سەر بە ناتۆ داوە.
سەرچاوەکە جەختیشی کردووەتەوە کە پڕۆژەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە قەیرانی ئەم دواییەی ئێرانەوە نییە و لە ساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکرێت، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی دانەمەزراوە و لە قۆناغی سەرەتاییدایە.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان کە ناتۆ بۆ پاراستنی ئاسمانی تورکیا، دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (پاتریۆت)ی ئەمریکی لەسەر خاکی ئەو وڵاتە جێگیر کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە لە ٩ و ١٣ی ئەم مانگەدا، سیستەمەکانی بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، چەند مووشەکێکی بالیستیی ئێرانییان خستە خوارەوە کە ئاراستەی تورکیا کرابوون. بەمەش، لەپاڵ ئەو سیستەمەی ئیسپانیا کە لە بنکەی ئینجەرلیک هەیە، ئێستا ژمارەی سیستەمەکانی پاتریۆتی سەر بە ناتۆ لە تورکیا گەیشتووەتە سێ سیستەم.
جێگیرکردنی ئەم سیستەمانە لە لایەن ناتۆوە وەرچەرخانێکی گرنگە، چونکە پێشتر تورکیا چەندین جار داوای سیستەمی پاتریۆتی لە ئەمەریکا و ناتۆ کردبوو، بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی، ئەنقەرە ناچار بوو لە ساڵی ٢٠١٩ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس-٤٠٠)ی ڕووسی بکڕێت. ئەم هەنگاوە سەربەخۆیانەی تورکیا بووە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمەریکا ببێتەوە و لە پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی جەنگیی (ئێف-٣٥) دەربکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم پێشهاتە نوێیانە ببنە تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆکان، بەتایبەتی کە بڕیارە لە ٧ و ٨ی مانگی تەممووزی داهاتوودا، تورکیا لە ئەنقەرە میوانداریی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ بکات. لەمبارەیەوە مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە، ستایشی ڕۆڵی ٧٠ ساڵەی تورکیای کردووە وەک هاوپەیمانێکی بەهێز کە بەشدارییەکی بەرچاوی لە پاراستنی ئاسایشی هاوبەشی وڵاتانی ئەندامدا هەبووە.

