zagros news agency

١٦٠٠ کەشتی له‌ گەرووی هورمز گیریان خواردووه‌، بۆ تێپه‌ڕین سه‌لامه‌ت نییه‌

 

بۆ دەیان هەزار دەریاوان لەسەر ئەو ١٦٠٠ کەشتییەی کە لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، “پڕۆژەی ئازادی” هەموو شتێک بوو تەنها ئازادی نەبێت.

ئۆپەراسیۆنەکەی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد ترەمپ بۆ “ڕێنوێنیکردنی” کەشتییەکان بەنێو گەرووەکەدا تەنها ٤٨ کاتژمێری خایاند. لەو ماوەیەدا تەنها دوو کەشتی بۆ دەرچوون ڕێنوێنی کران.

ئێستا، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و دەریاوانە گیراوەکان دیسانەوە بەبێ ڕێگەیەکی سەلامەت بۆ دەرچوون ماونەتەوە، چونکە نایانەوێت سەرکێشیی تێپەڕین بکەن. سەرەڕای ئاگربەست، هێشتا موشەکەکان بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ٢١ میلییەدا هه‌ڵده‌ده‌رێن.

جین سێرۆکا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەندەری لۆس ئەنجلۆس وتی: “هیچ شتێک کەمتر لە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕاستەقینە کە بە کردەوە سەلمێنراو بێت، متمانەی کۆمەڵگەی بازرگانی دەریایی بەدەست ناهێنێت.”

سێرۆکا، کە پێنج ساڵ لە کۆمپانیای گەورەی گواستنەوەی “American President Lines” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە، وتی کە لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی کۆمپانیاکانی گواستنەوە قسەی نەکردووە کە ئامادەبێت بار و کارمەندەکانی بجوڵێنێت، تەنانەت لەگەڵ سوپای ئەمریکاشدا.

زیاتر لە دوو مانگە، هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی بەدوای هەلێکدا دەگەڕێن بۆ جێهێشتنی گەرووەکە. لە کاتە ئاساییەکاندا، ڕۆژانە ١٢٠ کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، کە به‌ هه‌موویان ٢٠٪ی نەوتی جیهان دەگوازنەوە.

ئێستا ڕێگەدان بە کەشتییەکان بۆ ڕۆیشتن، بارەکان و کارمەندەکان دەخاتە مەترسییەوە. هەر زیانێک بە کەشتییەکی چەندین ملیۆن دۆلاری بگات، کۆمپانیاکان لە ڕووی دارایی و لۆجستییەوە تووشی پاشەکشە دەکات. کۆمپانیاکانی دڵنیایی مەرجی تایبەت بە کاتی جەنگیان لە گرێبەستەکانیاندا هەیە کە ناچاریان ناکات قەرەبووی ئەو کەشتیانە بکەنەوە کە لە ناوەڕاستی جەنگدا گیریان خواردووە. بۆیە، جوڵاندنی کەشتییەکان بەبێ ئەو پاڵپشتییە داراییە مەترسییەکی زۆر گەورەی تێچووی دارایی لێدەکرێت.

وەزیر ڕۆبیۆ ڕۆژی سێشەممە وتی، ئیدارەی ترەمپ پەیوەندی بە چەندین هێڵی گواستنەوەوە کردووە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئازادی”، بەڵام کەمیان وەڵامیان داوەتەوە.

کۆمپانیای “مارسک”ی دانیمارکی کە یەکێکە لە زەبەلاحەکانی گواستنەوە، دووشەممەی رابردوو پشتڕاستی کردەوە کە یەکێک لە کەشتییەکانیان یەکێک بووە لەو دوو کەشتییەی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ڕێنوێنی کراوە بۆ دەرچوون. کۆمپانیاکە بە CNNی ڕاگەیاندووە کە کەشتییەکە لەو کاتەوەی شەڕ لە مانگی شوباتدا دەستیپێکردووە، “نەیتوانیوە” کەنداو بەجێبهێڵێت.

بەپێی ئامارەکانی S&P Global Commodities at Sea، ڕۆژی دووشەممە کۆی گشتی ١٠ کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، لەنێویاندا ئەو دووانەی کە سوپای ئەمریکا ڕێنوێنی کردوون.

دوێنێ چوارشەممە هێڵێکی تری گەورەی گواستنەوە بە ناوی “Hapag-Lloyd” ڕاگەیاند، پێش ئەوەی “پڕۆژەی ئازادی” ڕابگیرێت، خەریکی لێکۆڵینەوە بوون لە بەکارهێنانی سوپای ئەمریکا بۆ دەرهێنانی چوار کەشتییەکەی تریان لە گەرووەکە.

نێڵس هاوپت، بەڕێوەبەری باڵای پەیوەندییەکانی گرووپی Hapag-Lloyd وتی: “بەهۆی ئەوەی شەوی ڕابردوو دیسان دۆخەکە گۆڕاوە، پێویستە ببینین ئایا ئەمە چۆن کاردەکات.” هاوپت ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشێکی تر بۆ سەر کەشتییەکی کۆنتێنەر لە شەودا، کە بووەتە هۆی برینداربوون، ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی مەترسییەکان.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی (IMO)، لە سەرەتای جەنگەوە ٣٢ کەشتی بە موشەک پێکراون، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٠ کەس و برینداربوونی لانیکەم ١٢ کەس.

ڕێکخراوی IMO بەردەوامە لە هاندانی کەشتییەکان بۆ “گرتنەبەری ئەوپەڕی وریایی” و دەڵێت “یاوەری سەربازی دەریایی چارەسەرێکی درێژخایەنی بەردەوام نییە.”

چوارشەممە سەرچاوەیەکی ناوچەیی ئاگادار لە دانوستانەکان ڕاگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک دەبنەوە. بەڵام، ئیدارەی ترەمپ هۆشداریی داوە کە پێشتریش دانوستانەکان لە دواساتدا تێکچوون.

دوای ئەوەی ترەمپ ڕاگرتنی “پڕۆژەی ئازادی” ڕاگەیاند، ئێران وتی تێپەڕبوونی سەلامەت بە گەرووی هورمزدا لەژێر “ڕێکاری نوێ”دا ئەگەری هەیە. بەپێی کەناڵی پرێس تیڤی (Press TV)ی سەر بە دەوڵەتی ئێران، ئێران “دەسەڵاتی گەرووی کەنداو”ی دامەزراندووە کە چاودێری تێپەڕبوون لە گەرووەکە دەکات، بە وەرگرتنی باج (سەرانە)شەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر هۆشداریی دابوو کە ئێران دەسەڵاتی یاسایی کۆنترۆڵکردنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەی نییە.

سێرۆکا دەڵێت، هێشتا جێهێشتنی گەرووی هورمز، تەنانەت بە ڕێنوێنی سەربازی ئەمریکاش، پێویستی بە “هەڵسەنگاندنێکی زۆر ورد” لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هەیە. ئەو وتی: “ئەوان پێویستیان بە متمانەیەکی زۆر زیاترە بە سەلامەتی و ئاسایشی تێپەڕبوون پێش ئەوەی ئەو هەنگاوە بنێن.”

 

CNN

 

هەواڵی پەیوەندیدار

پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

سەڵاح

یه‌كێتیی پیاوان: له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تاوه‌كوو مانگی ئایاری ڕابردوو 194 سكاڵا تایبه‌ت به‌ توندوتیژیی دژی پیاوان تۆمار كراون

سەڵاح

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وڵامی ترەمپ دەداتەوە

یاسین