zagros news agency

لوبنان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل پەنای بۆ ئەمریکا برد

 

سەرۆک کۆماری لوبنان ڕۆژی دووشەممە ڕای گەیاند داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە گوشار بخاتە سەر حکوومەتی ئیسرائیل تا ڕێز لە ئاگربەست بگرێت و دەست لە وێرانکردنی ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل لە باشووری لوبنان هەڵبگرێت.
هاوکات حکوومەتی لوبنان ڕای گەیاند لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە تا ئێستا ٧٤ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەست داوە.
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکایی، دۆخی ئاگربەستی لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام بوون، گیانی ژمارەیەکی زۆر کەسیان گرتووە و چەندین خانوویان وێران کردووە.
پێکدادانی ئیسرائیل بەرانبەر گرووپی حزبوڵڵای جێی داکۆکیی کۆماری ئیسلامی، لە دووی مانگی ئاداری ڕابردووەوە دەستی پێ کرد، کاتێک ئەو گرووپە بۆ پشتیوانی لە تاران هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کرد.
تاران دەڵێت لەو گەڵاڵەیەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پێشکەشی حکوومەتی ئەمریکایی کردووە، داوای کۆتاییهێنان بە پێکدادان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنانیشی کردووە؛ ترەمپ ئەم گەڵاڵە نوێیەی بە “تەواو قبووڵنەکراو” ناو برد.
بە گوتەی حکوومەتی لوبنان، لە مانگ و نیوی ڕابردوودا ٢٨٦٩ کەس لەو وڵاتەدا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام دیار نییە لەو ناوەندەدا چەند کەسیان ئەندامی حزبوڵڵا بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل دەیان زیندانی فەڵەستینی ئازاد کرد

سەڵاح

پێنتاگۆن بەگوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار پەرە بە چەند جۆرە چەکێک دەدات

سەڵاح

سەرۆكی دیوان پێشوازی لە باڵیۆزی غانا دەكات

سەڵاح