ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان دوای تەواوکردنی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنەوە زێدی خۆیان و لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و بنەماڵەکانیانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
بەپێی ئەو بەرنامەیەی بۆ گەڕانەوەی حاجیان داڕێژراوە، پرۆسەی گواستنەوەی حاجیان لە سعودیەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و بڕیارە سەرجەم حاجیانی هەرێم بە حەوت گەشتی ئاسمانی بگەنەوە. لەو چوارچێوەیەدا، چوار فڕۆکە بۆ گواستنەوەی حاجیانی پارێزگای هەولێر تەرخانکراون، هەروەها دوو فڕۆکە تایبەتکراون بە گەڕانەوەی حاجیانی پارێزگای دهۆک و فڕۆکەی حەوتەمیش حاجیانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەگەیەنێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، بۆ وەرزی ئەمساڵ پێنج هەزار و 120 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتی سعودیەیان کردووە بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج. تیمەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ ئاسانکاری پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیان و وەرگرتنی کەلوپەلەکانیان گرتووەتەبەر، تاوەکو بە سەلامەتی بگەنەوە ناو کەسوکاریان.

