داواکاری گشتی تورکیا رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە هێزە ئەمنییەکان ٢٠٩ کەسیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەتیرۆردا دەستگیرکردووە. ئەم هەڵمەتە تەنها رۆژێک دوای ئەوە دێت کە حکومەتی تورکیا زنجیرەیەک رێکاری توندی بۆ سنووردارکردنی گردبوونەوە گشتییەکان گرتەبەر، وەک ئامادەکارییەک بۆ لووتکەی هاوپەیمانی ناتۆ کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
لە بەرامبەردا، گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئەم هەڵمەتانە رەخنەباران دەکەن و بە بەشێک لە “سەرکوتکردنی دیموکراسی و ئازادییە مەدەنییەکان” لە وڵاتەکەدا وەسفی دەکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی داواکاری گشتی ئەنقەرە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٢٤١ گومانلێکراو دەرکراوە کە تۆمەتبارن بە پەیوەندی بە چەند گروپێکی چەکدارییەوە، لەوانە: رێکخراوی داعش، بەرەی پارتی ڕزگاری گەلی شۆڕشگێڕ (DHKP-C) و پارتی کۆمۆنیستی مارکسی-لینینی (MLKP).
نووسینگەی داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەش کردووە کە تا ئێستا ٢٠٩ کەس دەستبەسەر کراون و گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی تریش بەردەوامە. تا ئێستا وەزارەتی داد و نووسینگەی داواکاری گشتی هیچ لێدوانێکی زیاتریان لەمبارەیەوە نەداوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها ٢٤ کاتژمێر دوای بڕیارەکەی پارێزگاری ئەنقەرە دێت، کە بۆ ماوەی ١٣ رۆژ (لە ٢٨ی حوزەیران تا ١٠ی تەمموز) ئەنجامدانی هەر جۆرە خۆپیشاندان، کۆنفرانسی رۆژنامەوانی و گردبوونەوەیەکی گشتی قەدەغە کردووە. پارێزگار هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ پاراستنی باری ئەمنیی لووتکەی ناتۆ گەڕاندەوە کە بڕیارە لە ٧ و ٨ی تەمموزدا ساز بکرێت.
هەرچەندە داواکاری گشتی لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکە تەنها بۆ پوچەڵکردنەوەی چالاکییە چەکدارییەکانە و ئاماژەی بە لووتکەی ناتۆ نەکردووە، بەڵام هاوکاتبوونی دەستگیرکردنەکان لەگەڵ قەدەغەی گردبوونەوەکان، گومانی لای رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.
رۆیتەرز

