ئهمڕۆ پێنجشەممە، ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٦.٩ پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر کەناراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند. دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ڕایانگەیاند کە هیچ مەترسییەکی تسونامی لە ئارادا نییە و تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی یان نائاسایی لە وێستگە ئەتۆمییەکان تۆمار نەکراوە.
وردەکاریی بومەلەرزەکە:
ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن ڕایگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە لە قوڵایی ٥٠ کیلۆمەتر (٣٠ میل) لە کەناراوەکانی پارێزگای “ئیواتێ” بووە. هەرچەندە بومەلەرزەکە بەهێز بوو، بەڵام تەنها پێشبینی گۆڕانکارییەکی کەم لە ئاستی دەریا دەکرێت و هیچ هۆشدارییەکی تسونامی نەدراوە.
لە پارێزگای “ئاوۆمۆری”، توندی بومەلەرزەکە گەیشتە ئاستی (+٦) بەپێی پێوەری ژاپۆنی (کە لە ٠ تا ٧ پلەیە). ئەم ئاستە بەوە پێناسە دەکرێت کە مرۆڤ ناتوانێت بەپێوە بوەستێت و ناچار دەبێت بەسەر زەویدا بخزێت.
کاردانەوەی حکومەت و بارودۆخی وێستگە ئەتۆمییەکان:
مینۆرو کیهارا، وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند، تیمێکی فریاگوزاری بۆ کۆکردنەوەی زانیاری پێکهێنراوە و ئامادەن بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی فریاگوزاری.
کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی “تۆهۆکۆ” و دەسەڵاتی ڕێکخستنی ئەتۆمی ڕایانگەیاند، هیچ نائاساییەک لە وێستگەکانی “ئۆناگاوا” و “هیگاشیدۆری” و وێستگەکانی تری سەر بە کۆمپانیای “تێپکۆ” بەدی نەکراوە و هەموویان بە سەلامەتی کار دەکەن.
کاریگەری لەسەر گواستنەوە:
کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن (JR East) ڕایگەیاند کە گەشتەکانی شەمەندەفەری خێرای “تۆهۆکۆ شینکانسێن” ڕاگیراون. هەروەها بەشێک لە ڕێگاوبانە خێراکانی پارێزگای ئاوۆمۆری بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان داخران.
پاشخان:
ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین چالاکیی بومەلەرزەی تێدایە و نزیکەی پێنج یەکی بومەلەرزە بەهێزەکانی جیهان لەو وڵاتە ڕوودەدەن. ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن لە ساڵی ٢٠١١دا دووچاری بومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی ٩ پلە و تسونامییەکی گەورە بووەوە، کە بووە هۆی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و ئەتۆمی.
رۆیتهرز

