ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ڕێككه‌وتنێكى نوێمان له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌بێت

دوای كۆبوونەوە و دیداری دوو ڕۆژەیان لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7/5/2024 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ناوەڕۆكی دیدار و كۆبوونەوەكانی و دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی بە گشتی كرد.

سەرەتا بەڕێزیان لە وتەیەكدا گوتی: “سەردانمان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، سەردانێكی باش بوو و پێمان وایە ئەم سەردانە سەرەتایەكی نوێ لە پەیوندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستپێدەكاتەوە. لەم سەردانەدا بە سوپاسەوە ئێمە پێشوازی كراین، یەكەم لەلایەن ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌، هەروەها سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و دەبیری شورای ئەمنییەتی پێدەڵێن. كۆبوونەوەكان بە شێوەیەكی گشتی هەموویان زۆر بە باشی بەڕێوە چوون، سوپاسی پێشوازيی هەموو لایەكیان دەكەین لە شاندی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە ئێمە لە هەرێمی كوردستان پەیوەندیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پەیوەندییەكی زۆر گرنگە، پەیوەندییەكی مێژوویيیە و زۆر شتی هاوبه‌شى پێكەوەمان هەیە كە ئێمە بەیەكەوە دەبەستێتەوە لە مێژوو. دوای سەركەوتنی كۆماری ئیسلامیی ئێران و تا ئێستاش زۆر شتی زۆر گرنگمان هەیە كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێكەوە دەبەستێتەوە. ئێمە سوپاسی هەموو ئەو هاوكاری و پشتیوانییانەمان كرد كە لە قوناغە سەختەكاندا هەمیشە پشتیوانییان كردین، بێگومان هەندێك كێشە لەم ڕێگەیەدا هەیە، وا نییە كێشە نەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە و ئەوەی دەيبینم و گرنگە بۆ ئێمە، دەبێت هەوڵ بدەین ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، ئیرادەیەكی زۆر جددی دەبینین لەم سەردانەمان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی هەن لەنێوان ئێمە. بێگومان هەرێمی كوردستانیش خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەك دراوسێيه‌كى هەرە گرنگ، وەك دراوسێیەك كە هەمیشە لە ڕۆژە سەختەكاندا یارمەتیی هەرێمی كوردستانی داوە. ئەو شتانەی دەبنە هۆی ناكۆكی لەو پەیوەندییەدا، هەست دەكەم لە كۆماری ئیسلامی ئێران و بێگومان لە هەرێمی كوردستانيش ئیرادەیەكی جددیمان هەیە بۆ ئەوەی ئەمانە نەهێڵین. هەرێمی كوردستان دەیەوێ بەردەوام بە فاكتەری سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە، ئەمە سیاسەتێكی نەگۆڕی هەرێمی كوردستانە و لەم سیاسەتەش بەردەوم دەبین”.

دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و گفتوگۆكردنی ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: “سەرەتا با ئەو زانیارییەت بۆ ڕاست بكەمەوە، بە هیچ شێوەیەك باسی هەڵبژدارنەكانی هەرێمی كوردستانمان وەك بابەتێك لە كۆبوونەوەكانمان لە هیچ شوێنێك باس نەكردووە و تەنها لە یەك شوێن نه‌بێت كه‌ پرسیار كراوە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ئاخۆ كەی ئەنجام دەدرێت؟ لەوە زیاتر بابەتێكی كۆبوونەوەكانی ئێمە لە تاران نەبووە. وەڵامی ئێمە بۆ ئەو پرسیارە و ئەوەی كە پەیوەندی بە سەرۆكاتی هەرێمەوە هەیە، وادەی هەڵبژاردنمان دەستنیشان كردووە، تا ئەم ساتەش ئێمە ڕۆژەكەمان نەگۆڕیوە، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە هەڵبژاردنێك ئەنجام بدرێت. خۆی هەڵبژاردن بۆ چی دەكرێت؟ هەڵبژاردن بەو مەبەستە دەكرێت كە پێكەوە كار بكەین بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دەبێت هەڵبژاردنێكیش بكرێت كە هەموو لایەنەكان لەسەری ڕێككەون، هەڵبژاردنێك نەبێتە هۆی لێكترازانی زیاتری هەرێمی كوردستان. بەرپرسیاریەتیی من وەك سەرۆكی هەرێم ئەوە نییە پشتگیریی هیچ لایەنێك و حزبێك بكەم، دەسەڵاتی من وەك سەرۆكی هەرێم پاراستنی بەرژوەندیی هەرێمی كوردستانە، بەرژه‌وه‌ندیی هەرێمی كوردستانیش لە سەرووی بۆچوونی حزبەكانه‌وه‌ دەبینم، بێگومان هەر هەنگاوێكیش بنێم لە چوارچێوەی بەرژوەندیی هەرێمی كوردستاندا ده‌بێت. لە چوارچێوەی ئەو بەرژەوەندییەدايە نابێت ببێتە هۆی لێكترازانی زیاتری هەرێمی كوردستان. حزبەكان چ بەرژەوەندییەكیان هەیە، كەیفی خۆیانە و حەقی خۆیانە و دروستە، بەڵام ئەو ئەركەی لەسەر شانی منە وەك سەرۆكی هەرێم، پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە. ڕۆژەكەم نەگۆڕیوە، بەڵام حەز دەكەم هەڵبژاردنێك بكرێت هەموو لایەك لەسەری ڕێككەون. دەمەوێ هەڵبژاردنێك بكرێت هیچ لایەنێك نە خۆی بە دۆڕاو و نە خۆی بە براوە بزانێت. حەز ناكەم هەڵبژاردنێك بكرێت خاڵ لەسەر یەكتری تۆمار بكرێت، ئێمە وامان كرد، ئێمە ئێوەمان ناچاركرد و وا و هه‌ تا دوايى.. ئەم قسانە هەمووی ڕاست و دروست نییە و بە ڕاستی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە. هەوڵی ئێمە لەگەڵ ڕێز و سوپاسیشم بۆ بەغدا و جەنابی سەرۆك وەزیران و دادگای فیدراڵی، بۆ فایەق زێدان سەرۆكی دەستەی قەزائی، هەوڵی هەموو لایەكمان بە ڕاستی بەردەوامە، من سوپاسیان دەكەم كە لەم بابەتەدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا، ئەوانیش هاودەنگن لەوەی كە ناكرێت شتێك بكرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان زیاتر پەرتەوازە بكرێت. كەواتە ڕۆژەكەم داناوە، تا ئێستاش ئەو قسانەی دەڵێن ڕۆژەكەم گۆڕیوە و نەمگۆڕیوە و ئەمانە هەمووی ڕاست نییە”.

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ تاران و ڕۆڵى ئێران لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: “خۆی هەر خودی ئەم سەردانەمان بەو پێكهاتەیەی كە هاتووین بۆ تاران و ئاستی دیدارەكانمان لە تاران، هەمووی نیشانەی ئەوەیە كە قۆناغێكی نوێمان لە پەیوەندی دەستپێكردووە. ئەم قوناغە نوێیە هەردوولامان دەبێت زۆر بە وردی چاودێری بكەین و بیپارێزن و هەرچی كێشەيه‌ك هەبێت لەم نێوانەدا پێویست دەكات بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن و پێش ئەوەی كێشە دروست ببێت، دەبێت چارەسەری بكەین. هەر خودی سەردانەكە، سەردانێك نەبووە بە شەو و ڕۆژێك دروست بووبێت. ئەم چەند مانگە كارێكی بەردەواممان كردووە. دیسانەوە هەم لە بەغدا بە سوپاسەوە بۆ ڕۆڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق به‌ڕێز ئه‌لسوودانی لەم بابەتەدا بەڕاستی یارمەتیدەر بووە و چەندین كۆبوونەوەی دوورودرێژمان بە نهێنی ئەنجامداوە تا گەیشتووینەتە ئەوەی لە ئەنجامدا ئەمڕۆ ئەم دیارەمان هەبێت لە تاران. ڕۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی كە خۆیان لێرە لە هەموو بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران گوێمان لێی بووە، ڕۆڵیان ئەوەيه‌ دەیانەوێ هانی هەردوولا بدەن بۆ ڕێككەوتن، هانی هەردوولاش بدەن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن. ئەمەمان لە هەموو بەرپرسانی ئەم وڵاتە بینی وەك دۆستی هەردوولا. ویست و خواستیان ئەوەیە كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا چارەسەر بكرێن، بێگومان وەك دۆستی هاوبەش ئێمەش ئەو داوایەمان كردووە كە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن”.

دەربارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بەڕێزیان لەگەڵ ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، سەردانی چاوەڕوانكراوی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ بەغدا و بانگهێشتكردنی بۆ هەولێر و گرنگیدانی زۆری میدیای ئێرانی بە سەردانی بەرێزیان بۆ تاران كە بە باڵیۆزی ئاشتیی هەرێمی كوردستان لە تاران ناساندوویانە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: “ده‌رباره‌ى كۆبوونەوەمان لەگەڵ ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، شەرەفمەند بووم كە ئەو دیدارەم لەگەڵ جەنابیاندا هەبوو، كۆبوونەوەیەكی زۆر باش بوو، زۆر لوتفى هه‌بوو، ڕوونیش بوو كە ئەو پشتیوانە بۆ ئەوەی لەگەڵ كورد بە شێوەیەكی گشتی، لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لەگەڵ عێراقدا، پشتگیری لەوە دەكات هەموو كێشەكان بە ئاشتی و بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت. لەوە زیاتر ناتوانم بچمە ناو وردەكاریی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان‌ لەگەڵ ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران كە چی باسكراوە. سەبارەت بە سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵی لە كۆبوونەوەكەدا باسی سەردانی جەنابیان كرا بۆ بەغدا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا بەندە وەك سەرۆكی هەرێم بانگهێشتی جەنابیانم كردووە و هیوادارم قبووڵی بكات. بانگهێشتێكی فەرمیم كردووە كە لە چوارچێوەی سەردانەكەتدا بۆ بەغدا، سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكەیت. پێم وايە بە جددی وەریگرت و دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی خۆیان دانیشتن بكەن و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن بەپێی كات و دۆخه‌كه‌ و ئەوانە، بەڵام ئه‌رێنى بوو كە قبووڵی بكات. من مانشێتەكەم نەبینیوە، بەڵام ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بەگشتی، ڕۆڵێكی ئاشتیانەیە لە ناوچەكەدا، ڕۆڵێكی سەقامگیرییە لە ناوچەكە، هەر وەك لە سەرەتای قسەكانیشمدا باسم كرد، كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئێمە وڵاتێكی زۆر زۆر گرنگە، زۆر گرنگە و پەرەپێدان بە پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئێران چ وەك عێراق و چ وەك هەرێمی كوردستان، لە كارە لەپێشینەكانمانە”.

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا دەربارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “بەشێك لە كۆبوونەوەكانمان لەسەر ئەم بابەتە بووە، بێگومان ئێوە ئاگادارن، لەگەڵ عێراق كۆمیتەیەكی ئەمنیمان هەیە، نوێنەری هەرێم لەم كۆمیتەیەدا وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان كاك ڕێبەر ئەحمەدە كە ئەویش لەگەڵ شاندی ئێمە بەشدار بووە لە كۆبوونەوەكان، ئەوەی من لە هەموو كۆبوونەوەكان گوێم لێبووە ئەمڕۆ، سوپاسی ڕۆڵ و كاری وەزیری ناوخۆی هەرێمیان كردووە لە بەرەوپێشبردنی دۆسیەی ئەمنی، بەڵام با من باسی پرەنسیپی بابەتەكە بكەم، هەرێمی كوردستان ناكرێ و نابێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكان و دیسانەوە دەیڵێم كە ئێران دراوسێیەكی گرنگی ئێمەیە و ناكرێت هێزێكی چەكدار بە هەر ناوێك و بە هەر شێوەیەك لە هەرێمی كوردستان بن و لە هەرێمی كوردستانەوە بێن بۆ ناو خاكی ئێران و چالاكیی سەربازی بكەن و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان! چ وڵاتێك ئەمە قبووڵ دەكات؟! لە كام ياساى نێوده‌وڵه‌تيدا ئەمه‌ پەسەندە؟ هەرێمی كوردستانیش وەك دراوسێیەك لەسەر ئەم پرەنسیپەیە چ سەبارەت بە توركیا، چ سەبارەت بە ئێران و چ سەبارەت بە سووریا. واتە ئەم پرەنسیپە پرەنسیپێكی تەواو دروستە لە پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتاندا و هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو پرەنسیپەیە. لەم چوارچێوەیەدا كاری باش كراوە و كاری زۆر كراوە، زۆرێك لەو نيگەرانیانەی ئێران هەیانبووە لە پرسی ئەمنیدا، وەك باسم كرد چەندین جار سوپاسی وەزیری ناوخۆی ئێمەیان كردووە، بەڵێ كار ماوە بكرێت بەڵام ئەوەی گرنگە هەست دەكەین لەسەر ڕێگەیەكی ڕاست دەڕۆین بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بە تەواوی، هیوادارین ئەو لایەنانەش تێگەیشتنیان بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان هه‌بێت، بە سوپاسیشەوە كردوویانە. هیوادارین زیاتر ئەوان تێگه‌يشتنيان بۆ ئەو دۆخە هه‌بێت و بەرەو قۆناغێك بڕۆین، ناكرێت ئەم بابەتە ببێتە بابەتی كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران”.

دەربارەی ئەو قۆناغە نوێیەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و گاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی هەرێم و ڕێككەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: “زۆر شت هەبووە و زۆر دەست هەبووە كە بۆتە هۆكاری ئەوەی نیگەرانی دروست ببێت، بەڵام بە بۆچوونی من له‌ هه‌مووى گرنگتر ئەوە بووە كە دانیشتن لەگەڵ یەكتر كەم بووە، هەر كێشەیەك هەبێت بە هەر شێوەیەك بێت، گەر دانیشتن و كۆبوونەوە و میكانيزمێك هەبێت، كە ئێمە ئێستا لەگەڵ تاران لەسەر ئەو میكانيزمە ڕێككەوتووين چ جۆرە میكانزمێكمان هەبێت، ئەگەر كێشەیەك هاتە پێش، ڕێگری لێ بكرێت، نەك بەجێی بهێڵین و دوای ئەوەی كە ڕوویدا بچیت چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. ئێستا لەسەر میكانيزمێك ڕێككەوتووین كە نامەوێ لێرەدا بچمە ناو ناوەڕۆكی، بەڵام وەك پرەنسیپ لەسەر ئەو میكانيزمە ڕێككەوتووین و دەبێت بە وەرەقە و ڕێككەوتووین كە چۆن ئەم میكانيزمە جێبەجێی بكەین. لەلایەن خۆمانەوە وەك هەرێمی كوردستان، بێگومان ئەمە كاریگەریی لەسەر بواری بازرگانی، كاریگەریی لەسەر دڵنياييی خەڵك لە هەرێمی كوردستان و كاریگەری لەسەر هاتوچۆی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران و هاووڵاتیانی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان ده‌بێت كە ئەمە سەبارەت بە ئێمە زۆر گرنگە ئەنجام بدرێت. لەو كۆبوونەوانەی ئەمڕۆ و دوێنێ هەمانبووە لە تاران، سوپاسی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەك حكوومەتی هەرێم بە تەنیا، سوپاسی حكوومەتی هەرێمیان كرد، بەڵام سوپاسی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیشیان كرد كە بەو شێوە جوانە لە چلەی ئیمام حوسێندا چ پێشوازییەك لەو حاجیانە كراوە ئەوانەی بەرەو كەربەلا ڕۆیشتوون. وڵاتێك بەم شێوەیە ئەگەر هاتوچۆی هەبێت، ئابووريیەكەی بەرەوپێشەوە دەڕوات و دڵنیایی دەدرێت بە خەڵك و بازرگانی زیاتر دەبێت و ئەمانە هەموو لە بەرژوەندیی هەردوولادایە، لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانیشدايە، لە بەرژەوەندیی ئێرانیشە. سەرەتایە نوێییەكە ئەمەیە، ڕێككەوتنێكی نوێ دەكەین و میكانيزمێكی نوێش دادەنێین بۆ ئەوەی كارەكان بەرەو باشتر بڕۆن و هیچ كات شاهدی ئەوە نەبین كە ڕۆژێك لە ڕۆژان كێشەیەكی دیكە لەنێوان ئێمەدا دروست ببێت. سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە پرسی جێبەجێكردنى ڕێككه‌وتنى ‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا، خۆتان دەزانن ماوەیەك پێش لە بەغدا بووم و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵیش كۆبوونەوەم هەبووە، لەوێش هەست دەكەین كێشەكان بەرەو چارەسەر دەڕۆن و ئەو ڕێككەوتنە لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە كە من زۆر جار گوتوومە، لێرەشەوە دەیڵێم حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بووە جێبەجێی بكات، تا ڕادەیەكی زۆر حكوومەتی هەرێم جێبەجێی كردووە، چاوەڕێی ئەوەین كە دەبێت ئەوەی پەیوەندی بە بەغداوە هەیە، جێبەجێی بكات، ئەوەی گرنگیشە وەك ئامانج ئەوەیە ناكرێت و ناشبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ببێتە هەواڵ. ئەمەیە ئامانجی ئێمە و ئەمە نابێت دووبارە ببێتەوە. لە كۆبوونەوەی سێقۆڵیى بەندە و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دادگای فیدراڵيش، لەسەر ئەو پرەنسیپە ڕێككەوتووین كە بە هیچ شێوەیەك هەر چەند كێشە هەیە لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بەڵام ناكرێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە كێشەی نێوان دوو حكوومەت بكرێت. ئەمە دووپاتی لەسەر كراوەتە و سەرۆكی دادگای فیدراڵیش لە كۆبوونەوە لەگەڵ سوودانيدا كە بەندە و هەرسێكمان ئامادە بووین، ئەم خاڵە دووپات كرایەوە، بێگومان پەنا بەخوا بەرەو ئەو چارەسەره‌ دەڕۆین”.

لە وەڵامی كۆتا پرسیاریشدا سەبارەت بە داواكاریی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەكتری لەسەر پرسە ئەمنییەكان و هاوكاریی زیاتری ئابووری كولتووريى نێوان هەولێر و تاران، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “بەڵێ ئێمەش داواكاریمان هەبووە لەڕووی ئەمنییەوە، بەڵام ئەمە لە كۆمیتەی ئەمنی باس ده‌كرێن كە نوێنەری هەرێمی كوردستان ئه‌وه‌ى سەرپەرشتيی ئەو دۆسیە دەكات، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانە. زۆر بە ڕوونیش لەم كۆبوونەوانە ئێمەش ئەو شتانەی جێی نیگەرانیی هەرێمی كوردستانن باسمان كردوون، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەی ئەو میكانيزمەی ئێستا بۆ ئێوە باسم كرد، لە چوارچێوەی ئەو میكانيزمە باسی لێدەكەین. پرسی كولتوورى و ئەوانە، جارێ با ئێمە ئەو كێشانە چارەسەر بكەین، بێگومان دێینە سەر ئەو بابەتانەش، بەڵام ئەوەی ئێستا كاری لەپێشینەیە بۆ ئێمە، ڕەواندنەوەی ئەم نیگەرانی و ئەو كێشانەیە كە ئێستا هەیە، بە هیوای ئەوەین ئەو كێشانە چارەسەر ببن و وەك دوو دراوسێی زۆر لەیەك نزیك لە هەموو ڕوویەكەوە، لە ڕووی كولتوورييه‌وه‌، لە ڕووی خوێندنی باڵا و لە هەموو بوارەكاندا بتوانین پەیوەندییەكی باش لەگەڵ كۆماری ئیسلاميدا دروست بكەین”.

هەواڵی پەیوەندیدار

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ڕێككه‌وتننامه‌ى 11ى ئازاردا

دڵشاد

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەدەسە و چەکدارانی ئێرانی لە سووریا بەردەوامە

یاسین

ڕووسیا کار لەسەر دەست‌پێکردنەوەی دانووستانی ئاستانا دەکات

سەڵاح